ئاسایش لەسەر دەستگیركردنی رۆژنامەنووسە فەڕەنسییەكە دێتەدەنگ

کوردستان

03/06/2023     ژمارەی بینراو 380

راچڵەكین - 

دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەنگۆی دەستگیركردنی رۆژنامەنووسێكی فەڕەنسی لە سلێمانی، رەتدەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: كونسوڵخانەی فەڕەنسامان ئاگاداركردۆتەوەو دڵنیاكراونەتەوە لە سەلامەتی گیانی هاووڵاتییەكەیان.

لەو روونكردنەوەیەدا كە ئەمشەو دەزگای ئاسایشی گشتی بۆ رای گشتی بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە كە رۆژنامەنووسە فەڕەنسییەكەو هاوەڵە وەرگێڕەكەی، سەردانی ناوچەی (گەڵاڵە)ی ماوەتیان كردووەو لەلایەن ئاسایشەوە بۆ پاراستنی گیانیان لە ناوچەكە دوورخراونەتەوە.

دەقی روونكردنەوەكە:

دوای ئەوەی ڕۆژی ٢٠٢٣/٦/٢ ڕۆژنامەنوسێكی فەڕەنسی بە ناوی ( بێنوا بینیامین جۆسێف ) و هاوەڵە وەرگێڕەكەی، سەردانی ناوچەی ( گەڵاڵە )ی ماوەت دەكەن، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە ئاگادار دەكرێنەوە لەوەی ئەو ناوچەیە لە ڕووی ئەمنیەوە ناوچەیەكی مەترسیدارە و هەرچی زووە لەبەر سەلامەتی گیانی خۆیان ناوچەكە جێبهێڵن، بەڵام ئەوان پێداگری دەكەن لەوەی بڕۆن، دواتر لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و داوایان لێدەكرێت لەپێناو پاراستنی گیانی خۆیان ئەو ناوچەیە جێبهێڵن، چونكە لەڕووی ئەمنیەوە ئەو شوێنە هەستیارە و لەو كاتەشدا درۆن بە ئاسمانی ناوچەكەدا سوڕاوەتەوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ، بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسە فەڕەنسیەكە كردووە و گواستراوەتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی و بەڕێزانمان لە كونسوڵخانەی فەڕەنسا ئاگاداركردۆتەوە و دڵنیا كراونەتەوە لە سەلامەتی گیانی هاوڵاتیەكەیان.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن