جەمال کۆچەر: نرخی نەوت کێشەی گەورە بۆ عیراق دروست دەکات

عێراق

04/06/2023     ژمارەی بینراو 186

راچڵەکین –

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشبینی دەکات کە دابەزینی نرخی نەوت حکومەتی عیراق رووبەڕوی کێشەی گەورە بکاتەوە.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند: ساڵی داهاتوو حکومەتی عیراق لە کورتهێنانی بودجەدا رووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە، چونکە نرخی نەوت بەرەو دابەزین دەچێت.

روونیشیکردەوە کە حکومەت 23 ترلیۆن دیناری ساڵی رابردووی لاماوە، ئەمساڵ ئەو پارەیە رادەکێشرێت و ئەوەش دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی کێشە داراییەکان.

جەمال کۆچەر راشیگەیاند: بە هۆی بوونی هەمان کورتهێنان لە ساڵی داهاتوودا، پێشبینی دەکرێت بودجەی ساڵی داهاتوو تەنها بۆ مووچە خەرج بکرێت.

وتیشی: تەنها بودجەی بەکاربەر گەیشتووەتە 140 ترلیۆن دینار، لە کاتێکدا بودجەی گشتی دەوڵەت134 ترلیۆن دینارە و ئەوەش بەشی بودجەی بەکاربەر ناکات.

جەمال کۆچەر هیواشی خواست نرخی نەوت بەبەرزیی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بودجە و عیراقیش پارێزراو بن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن