شاندێكی باڵای ئەمنیی عیراق سەردانی ھەولێر دەكات

کوردستان

18/09/2023     ژمارەی بینراو 231

راچڵەكین-

شاندێكی باڵای ئەمنیی عیراق بەسەرۆكایەتی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ، قاسم ئەعرەجی سەردانی ھەولێر دەكات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لەسەر داوی سەرۆكوەزیران و فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عیراق، قاسم ئەعرەجی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵای ئەمنی سەردانی ھەولێر دەكات.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، ئامانج لە سەردانەكەی شاندی باڵای ئەمنی بۆ ھەولێر، بەدواداچوونە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی ئەمنی نێوان عیراق و ئێران.

لە 19ی ئاداری 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆكوەزیرانی عیراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕێككەوتننامەیەكی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عیراق و ئێران واژوو كرا كە قاسم ئەعرەجی بە نوێنەرایەتیی عیراق و سكرتێری گشتیی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، عەلی شەمخانی بە نوێنەرایەتیی ئێران واژوویان كرد.

ڕێككەوتننامە ئەمنییەكەی نێوان عێراق و ئێران سێ بڕگە لەخۆدەگرێت كە بریتین لە:

ــ ڕێگریكردن لە دزەكردنی چەكداران ئەوەیش دوای بڵاوكردنەوەی پاسەوانی سنوور

ــ ڕادەستكردنی داواكراوان كە بەپێی یاسا فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەركراوە و مەبەست لێی سەركردەی ئەو حیزبانەن (حزبە دژبەرە كوردەكانی ئێران)

ــ چەكداماڵین و گواستنەوەیان بۆ كەمپەكان (كە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆیان دابین دەكرێت) و لەگەڵ داخستنی سەربازگەكان.

لە 28ی مانگی ئابدا، وتەبێژی حكوومەتی عێراق، باسم عەوادی ڕایگەیاندبوو "عیراق پابەندبوونەكانی خۆی بە ڕێككەوتننامە ئەمنییەكەی لەگەڵ ئێران جێبەجێ كردووە.

بەپێی ڕێككەوتننامە ئەمنییەكەی نێوان عیراق و ئێران تا ڕێككەوتی 19ی ئەیلوول پێویستە پارتە دژبەرە كوردییەكانی نەیاری ئێران لە ھەرێم چەك بكرێن و كەمپێكی مەدەنی بۆیان دابین بكرێت و نیشتەجێ بكرێن.

ھاوكات بە مەبەستی پاراستنی سنوورەكانی ھەرێم لەگەڵ ئێران، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 14ی ئەیلوول ھێزێكی پاسەوانی سنوور ڕەوانەی گەرووی زینی وەرتێ لە ناحیەی سیدەكان سەر بە پارێزگای ھەولێر كرا.

ڕۆژی 15ی ئەم مانگە فەرماندەیی ھێزەكانی پاسەوانی سنوور ڕایگەیاندبوو كە لەچوارچێوەی ھەوڵەكانیانیدا بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی سنووری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ھێزێكی سەربە لیوای ناوچەی سنووری دوو و فەوجی كۆماندۆی ناوچەی سنووری یەك بە پاڵپشتی ھێزەكانی پێشمەرگە توانیویانە خاڵە سنوورییەكانی نێوان عێراق و ئێران كۆنترۆڵ بكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن