ناوەڕۆكی دیدارەكەی سوودانی و مەكگۆرك ئاشكرابوو

عێراق

21/09/2023     ژمارەی بینراو 1173

راچڵەكین -

سەرۆكوەزیرانی عیراق لە نیویۆرك لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا كۆدەبێتەوەو چۆنیەتی بەهێزكردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە گشتییەكانی نێوان هەردوو وڵاتیش تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە بوو.

محەمەد شیاع سوودانی، لەپەراوێزی بەشداریكردنی لە خولی 78ەمینی كارەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، درەنگانی ئەمشەو لەگەڵ برێت مەكگۆرك كۆبووەوە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پەیوەندییە گشتییەكانی نێوان عێراق و ئەمەریكا و چۆنیەتی بەهێزكردن و پەرەپێدانیان كرا، لەسەر ئاست و بوارە جۆراوجۆرەكاندا بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی هەردوو گەلی دۆست.

سوودانی لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ مەكگۆرك، جەختی لە هەوڵەكانی عیراق كردەوە بۆ بەردەوامبوون لە پەیوەندییە ستراتیژییەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئاڵوگۆڕكراو و هاوبەشی ئابووریی بنیاتنەر، ئاماژەی بەوەشكرد كە گۆڕەپانی وەبەرهێنان لە عیراق كراوەیە بۆ بەشداریكردنی كۆمپانیاكانی ئەمریكا لە پلانەكانی چاكسازی و بنیاتنانەوەی ژێرخانی وڵاتەكەی.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرۆكوەزیرانی عیراق ئاماژەی بە ئامادەیی هێزە ئەمنییەكانی وڵاتەكەی كرد لە پێشكەوتنی ئاستی جێبەجێكردن و یەكخستنی پێكهاتەكانیان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا و سەركەوتنیان لە بەدواداچوون بۆ پاشماوەكانی داعش، جەختی كردەوە لە وەبەرهێنانی سەردانە سەركەوتووەكەی ئەم دواییەی شاندكەی عیراق بە سەرۆكایەتی وەزیری بەرگری بۆ واشنتۆن و گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنی ئەمریكادا سەبارەت بە پەیوەندییەكانی داهاتوو لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

لەلای خۆیەوە، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، پشتیوانی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ سەركەوتنی هەنگاوەكانی چاكسازی كە حكومەت بەدوایدا دەگەڕێت و بەردەوامبوونی ئەمەریكا لە پێشكەشكردنی ڕاوێژ و راهێنان بە هێزەكانی عیراق لە شەڕی دژ بە داعش.

مەكگۆرك، پابەندبوونی ئیدارەی ئەمریكای دووپاتكردەوە لە رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی و پشتیوانیكردنی ئەو چاكسازییانەی كە حكومەتی عیراق ئەنجامی داوە لە بواری ئابووری و بنیاتنانەوەی ژێرخان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن