راچڵەكین -
لەباشووری عیراق بەهۆی قەیرانی بێ ئاوییەوە دەیان گوند چۆڵدەكرێن و دانیشتوانەكانیشی بەناچاری كۆچی بەكۆمەڵ دەكەن.
میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، لەچەند مانگی رابردوودا زیاتر لە 65 گوند لەسنووری پارێزگای دیوانییەی باشووری عیراق بەهۆی بێ ئاوییەوە، چۆڵكراون و سەرجەم گوندنشینەكانیش بەرەو سەنتەری شارەكە كۆچیان كردووە.
بەوتەی یەكێك لە دانیشتووانی گوندە چۆڵكراوەكانی دیوانییە، ماوەی چەند ساڵێكە بێ ئاوی تەنگی پێهەڵچنیون و جگە لە نەمانی كشتوكاڵ، بەشی زۆری ئاژەڵەكانیشیان لەناوچوون، لایەنە پەیوندیدارەكانی حكومەتیش هیچ پلانێكیان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی بێ ئاوی نییە.
ئەو هاووڵاتییە راشیگەیاندووە، زۆربەی بیرە ئاوەكانیان وشكبوون و ئەو چەند بیرەشی كە بڕێكی كەم ئاوی هەیە، بەهۆی بەرزیی رێژەی سوێرییەكەی، نەك هەر شیاوی خواردنەوە نییە، تەنانەت بۆ ئاودانی زەوییە كشتوكاڵییەكانیش بەكەڵك نایەت و زیانی بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان هەیە.
ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی هاتوو لە سەرچاوە ئاوییەكانی توركیاو ئێران بۆ عیراق، بەشی زۆری ناوچەكانی باشووری ئەو وڵاتە دووچاری قەیرانێكی سەختی كەمئاوی بوونەتەوە، بەو هۆیەشەوە زۆرێك لە گوندنشینانی ئەو ناوچانە گوندەكانیان جێهێشتووەو روویان لە شارەكان كردووە.