راچڵەكین -
لەسەر سكاڵای هاووڵاتییەك لە قەڵادزێ كە تۆمەتبارێك هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لێكردووە، هێزەكانی پۆلیسی راپەڕین بەهەماهەنگی بنكەی پۆلیسی سەرچنار، تۆمەتبارێكیان لەناو شاری سلێمانی دەستگیركرد.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتیەك لە بنكەی قەڵادزێ سكاڵای تۆماركرد كە بەوتەی خۆی، لەلایەن كەسێكەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لێكراوە، دەستبەجێ ڕێوشوێنی یاسایی گیرایەبەرو فەرمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە لەلایەن دادوەرەوە دەرچوو.
ئاماژە بەوەشكراوە، دوای دیاریكردنی شوێنی تۆمەتبار، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی قەڵادزێ بەهاوكاری بنكەی پۆلیسی سەرچنار، تۆمەتبارێكیان لەناو شاری سلێمانی دەستگیركرد، كە دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی ناوە بە تاوانەكەیدا و بەوتەی خۆی لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕێك پارە، هەڕەشەی لەو ئافرەتە كردووە ئەگەر پارەكەی نەداتێ وێنە و ڤیدیۆكانی بڵاودەكاتەوە.
پۆلیسی راپەڕین ئاشكراشیكردووە، تۆمەتبارەكە پێشینەی تاوانی هەیەو لەئێستادا بەپێی ماددەی دوو لە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، راگیركراوە.