گروپێكی مەترسیداری داعش دەستگیركران

عێراق

26/09/2023     ژمارەی بینراو 364

راچڵكین -

شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەستگیركردنی ژمارەیەك تیرۆریستی داعشی راگەیاند، كە بە مەترسیدارترین شانەی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە دادەنرێن و لەكارە تیرۆریستییەكانیاندا درۆنیان بەكارهێناوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، شانەیەكی تیرۆریستانی داعش دەستگیركراون، كە ژمارەیان پێنج كەسەو سیستەمی زیرەكیان لە كردەوە تیرۆریستییەكانیان بەكارهێناوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو تیرۆریستانە، كە دەستیان لە چەندین كردەوەی تیرۆریستی دژ بە هێزە ئەمنییەكانی عیراق هەبووە، كاریان لەسەر پێشخستنی درۆن كردووەو لە كردەوە تیرۆریستییەكانیاندا بەكاریانهێناوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەشكردووە، تیرۆریستە دەستگیركراوەكان، بە مەترسیدارترین گروپی سەر بە داعش دادەنرێن، كە پەیوەندییان لەگەڵ گروپە تیرۆریستییەكانی چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی و بیانییەوە هەبووەو جگە لە ئاڵۆگۆڕكردنی زانیاری هەواڵگری، هاوكات چەك و تەقەمەنیشیان لەو وڵاتانەوە بۆ هاتووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن