راچڵەكین-
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، دەستگیركردنی خاوەنی ئەو هۆڵەی لە قەزای حەمدانییە ئاگری لێكەوتەوە رادەگەیەنێت.
بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە، لە شاری هەولێر خاوەنی هۆڵەكەیان دەستگیركرا و بە فەرمانی دادوەر ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق كرا.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە كارەساتێكی دڵتەزێندا لە هۆڵێكی بۆنەوئاهەنگەكان لە قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا ئاگر كەوتەوە و بەهۆیەوەی سەدان هاووڵاتی بوونە قوربانی. دواتر لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵی عێراقەوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ ژمارەیەك كەس دەرچوو لەنێویاندا خاوەنی هۆڵەكە بەناوی (سمیر سلیمان كرومی رفو اسو).
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەڵێت، دوابەدوای گەیشتنی فەرمانی دەستگیركردن، ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئەیلوولی 2023 دامەزراوەكانمان لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر خاوەنی هۆڵەكەیان دەستگیر كرد و بە فەرمانی دادوەر ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق كرا.