راچڵەكین-
بە بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی لە تەواوی هەرێمی كوردستان رادەگەینرێت، تیمی فریاگوزاریش بۆ بەدەمەوەهاتنی بریندارەكان رەوانەدەكرێن و دەرگای نەخۆشخانەكانی هەرێمیش بە رویاندا كراوەدەبێت.
بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە"وەك هاوخەمی و ڕێز لە ڕۆحی قوربانییانی ڕووداوەكەی حەمدانییە، بە بڕیاری مەسرور بارزان،ی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی كوردستان رادەگەیەنرێت".
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە"لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو ڕووداوە، بڕیاردراوە تیمەكانی تەندروستی و فریاگوزاری، بەدەم قوربانییانەوە بچن و دەرگای نەخۆشخانەكانی كوردستان بە ڕووی بریندارەكان بكرێتەوە بۆ چارەسەری پێویستییان".
شەوی رابردوو ئاگر لە هۆلێكی بۆنە و ئاهەنگەكان لە قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا كەوتەوە، لە كاتی روداوەكەشدا لە هۆڵەكە ئاهەنگێكی گەورەی هاوسەرگیری بەرێوەدەچوو، بەو هۆشەیەوە زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەستدا و سەدان كەسی تر برینداربوون.