كارنامەی دووەم رۆژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی ئاشكرا دەكرێت

کوردستان

28/09/2023     ژمارەی بینراو 456

راچڵەكین -

دوای دیاریكردنی سەرۆكی حزبەكە، ئەمڕۆ دووەم رۆژی كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی بەڕیوەدەچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دووەم رۆژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و لەوبارەیەوە پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی كۆنگرەكە رایگەیاند:" لێپرسراوی شەش لیژنە بۆ تەواوكردنی كاروبارەكانی ئەم دوو رۆژەی كۆنگرە دیاریكراون".

وتیشی:" ئەمڕۆ دەبێت هەر شەش لیژنەكە كارەكانیان تەواو بكەن و بەشێوەیەكی گشتی كارەكانیشیان دێتەوە بەردەمی ئەندامانی كۆنگرە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێت و پاشان دەنگ لەسەر كارەكانیان دەدرێت".

كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە، كارەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی دەستیپێكرد و دوای پێشكەشكردنی وتار لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەشێك لە میوانەكانەوە، پشوویەك وەرگیرا.

دوای وەرگرتنی پشووەكە، كارەكانی كۆنگرە دەستیپێكردەوە و بەكۆی دەنگی ئەندامانی كۆنگرەكە، بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دیاریكرا و هەریەك لە كۆسرەت رەسوڵ عەلی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وەك سیمبولی حزبەكە دیاریكران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن