راچڵەكین-
بەهۆی مامەڵەی پۆلیسێك لەگەڵ گەنجێك لە رۆژی یادكردنەوەی مەولودی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لەسەر قەڵای هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر روونكردنەوە دەدات و دەڵێت، لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەفسەرێك و ئەو پۆلیسانە دەكات كە ئەو كارەیان ئەنجامداوە.
بەپێی روونكردنەوەیەك كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە بۆ رای گشتیی بڵاوكرایەوە" لە كاتێكدا كە ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتییانی شاری هەولێری پایتەخت بە چالاكی و شێوازی جیاواز لەو ڕۆژە پیرۆزەدا خۆشەویستی خۆیان بۆ پێغەمبەری ئیسلام دەردەبڕی لە نێو سەنتەری شار، لە هەمانكاتدا كۆمەڵێك گەنج لە سەر قەڵاتی هەولێر بە ئەنجامدانی چەند كردار و رەفتارێكی ناشایستە هاووڵاتییانیان ناڕەحەت و بێزاركردبووە".
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە"بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو بارودۆخە و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ ئەو گەنجانە، پۆلیس رەوانەی شوێنەكە كران، بەڵام بەداخەوە لەلایەن یەكێك لە پۆلیسەكان بەشێوازێكی ناشایستە پەلاماری یەكێك لە گەنجەكان درا".
پۆلیسی هەولێر دەڵێت"لە بەرامبەر ئەو رەفتارە نابەجێیە ئەفسەرێك و ئەو پۆلیسە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەمانەوە دەستبەسەركراون و لیژنەی لێكۆڵینەوەیان لە سەر پێكهێنراوە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر،" هاووڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شارەكە دڵنیا دەكاتەوە كە هیچ كەسێك لە سەرووی یاساوە نییە".