ڕاچڵەکین سپۆرت -
ئەمڕۆ سێشەممە یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی بەڕازیلی ڕاگەیاند.
یانەی ڕیال مەدرید لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند، “درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی ڤینیسیۆس لەگەڵ یانەکە تا 30ی حوزەیرانی 2027 ڕادەگەیەنین”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڤینیسیۆس لە مانگی تەمموزی 2018 گەیشتە ڕیال مەدرید، ئەوکات تەمەنی تەنها 18 ساڵ بوو، یەکەم یاریشی لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید کاستیلا لە 26ی ئاب ئەنجامدا.
ڕیاڵ مەدرید دوپاتیشی کردەوە، لە ماوەی 6 وەرزدا کە لەگەڵ تیپی یەکەم یاری کردووە، ڤینیسیۆس 235 یاری ئەنجامداوە و 63 گۆڵی تۆمارکردووە و 9 نازناوی بەدەستهێناوە.
لە تەمەنی 23 ساڵیدا ڤینیسیۆس جونیۆر بووەتە یەکێک لە یاریزانە کاریگەرەکانی یانەی ڕیال مەدرید لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەو پێیەی لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە ساڵی 2022 گۆڵی بردنەوەی تۆمارکرد، ئەمەش نازناوی 14 هەمینی بە مێرێنگێ بەخشی."