راچڵەكین -
وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب لە سلێمانی، روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، جگە لەو دەزگایەی پێشانگاكەی كردووەتەوە، هیچ خانەیەكی چاپ و بڵاوكردنەوەی تر ئامادە نەبووە پێشانگاكە بكاتەوە.
لەو روونكردنەوەیەدا كە ئەمڕۆ شەممە، بەشی یاسایی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بڵاویكردووتەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوانەی گلەیی لە زۆریی كتێبە ئاینییەكان دەكەن، با پێشانگە پڕبكەن لە كتێبی فكر، فەلسەفە، زانست و بەرهەمەكانیان و هیچ رێگریەكیان لێناكرێت.
دەقی روونكردنەوەكە:
ڕوونكردنەوەیەك لە بەشی یاسایی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە
1- وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە ڕێگای بەشی یاسای وەزارەت بۆ ماوەی (45)ڕۆژ لە ڕۆژنامەكانی "كوردستانی نوێ" و ڕۆژنامەی "هەولێر" ئاگاداری بڵاوكردەوە، بە لە بەرچاوگرتنی سەرجەم ڕێكارە یاساییەكان بۆ سەرجەم دەزگا ڕۆشنبیرییەكان و خانەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە، داواكراوە هەر لایەنێك دەتوانێت هاوكاری وەزارەت بكات بۆ كردنەوەی پێشانگای كتێب لە سلێمانی با بێت و فۆرمی تەندەر وەربگرێت، هیچ دەزگایەك نەهاتووە، تەنیا ئەم دەزگایە نەبێت "دەزگای چاپ و پەخشی ئەتڵەس"، كە ئێستا پێشانگەكەی كردووەتەوە.
2- سەرجەم ئەو دەزگا و خانانەی بڵاوكردنەوە و كتێبفرۆشی، كە ئێستا لە پێشانگە بەشدارن و خاوەن ستاندن لە پێشانگاكە، لە هەرێمی كوردستان مۆڵەت پێدراون و خاوەنی نووسینگەی دەزگای ڕۆشنبیری، یان خانەی چاپ و بڵاوكردنەوە، یاخود دوكانی كتێبفرۆشین .
3- هیچ دەزگا، خانە و كتێبفرۆشێك ئیسلامی، یان عەلمانی ئەوەی خۆی خواستی هەبووبێت بەشداربێت لە پێشانگەكەدا ڕێی لێ نەگیراوە لە بەشداربوون. ئەوانەی گلەیی دەكەن، با پێشانگە پڕبكەن لە كتێبی فكر، فەلسەفە، زانست و بەرهەمەكانیان، بزانن هیچ ڕێگرییەك هەیە؟
4- ئەگەر قسە و گلەیی لەسەر زۆری كتێبی ئایینیە، كتێبی ئاینی یاساغ نییە، هەمووان دەبێت ئەوە بزانین لە هەرێمی كوردستان ئەم بابەتە بەیاسا ڕێكخراوە بەم شێوەیە:
بە پێی یاسایی چاپەمەنی هەرێمی كوردستان ژمارە (10) ساڵی 1993 لە ماددەی دووەمدا دەڵێت: "ڕەقابە لەهەرێم ناخرێتە سەر چاپەمەنی، هەر هاووڵاتییەك سەربەستە لەدەركردنی هەر چاپەمەنییەك، بەپێی حوكمی ئەم یاسایە" .
هەروەها لەماددەی (نۆیەم) هاتووە: "بڵاوكردنەوەی ئەو باباتانە قەدەغەن، كە هانی تاوان و كاری تیرۆرستی دەدەن و ڕێوشوێنی بۆ خۆش دەكەن، یان جنێو و تانوت لێدان و ناوزراندنی كەسانی تێدایە، یان دەستدرێژی تێدابێت بۆ سەر ئاین و مەزهەبەكان و سیستەمی گشتی" .
ئەگەر هەر كەسێك لە پێشانگای كتێبی سلێمانی كتێبێكی دۆزییەوە یەكێك لەم بابەتانەی مادەی نۆ دیاری كردووە، تێدابوو؛ ئەوە ئەو كتێبە ڕێگا پێدراو نییە.
بەشی یاسایی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
25ـی تشرینی دووەمی 2023