راچڵەكین -
وەزارتی تەندروستی راگەیەندراوێك لەباری ئەو دەرمانخانەیەی شاری هەولێر بڵاودەكاتەوە كە نرخ و ستیكەری كوالیتی كۆنتڕۆڵی لەسەر دەرمانەكان لابردبوو بۆ ئەوەی بەنرخێكی گرانتر بە هاووڵاتیانی بفرۆشێت.
وەزارتەكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردووەتەوە، ئاشكرایكردووە، رۆژی 26ی ئەم مانگە، لیژنەی باڵای چاودێری دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی، بەهەماهەنگی لەگەڵ لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان و پۆلیسی شارەوانی و قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر، پشكنینی بۆ دەرمانخانەیەك ئەنجامدا لەبەرامبەر تاوانێكی گەورەی دژ بە بەرژەوەندی هاووڵاتیان كە دەركەوت دەرمانخانەی CVS Pharmacy نرخ و ستیكەری فەرمی كوالیتی كۆنتڕۆڵی لەسەر دەرمانەكان لابردووە بۆ ئەوەی بەنرخێكی گرانتر دەرمان بە هاووڵاتیان بفرۆشێت و بەم ڕێگەیە تاوانی فێڵكردن و گران فرۆشتنی ئەنجامداوە.
وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە داخستنی دەرمانخانەكەو راگرتنی مۆڵەتی دەرمانخانەو مۆڵەتی پیادەكردنی پیشەی دەرمانسازی و رادەستكردنی تۆمەتباران بە دادگا بۆ وەرگرتنی رێكاری یاسایی.
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزارەتی تەندروستی جەخت لە سەرجەم دەرمانخانە و سەنتەر و نەخۆشخانە تایبەتەكان دەكاتەوە، خۆیان بەدوور بگرن لە دەرمان و پێداویستی پزیشكی بێ ستیكەر و نافەرمی، هاووڵاتیانیشی ئاگاداركردووەتەوە كە هۆشیار بن لەكاتی كڕینی دەرمان بەنرخی فەرمی سەر ستیكەر و دڵنیابوونەوە لە هەبوونی ستیكەری ئەلیكترۆنی.