ژنەكەی بەغدادی نهێنییەكان ئاشكرا دەكات

ڕاپۆرت

15/02/2024     ژمارەی بینراو 766

راچڵەكین- 
بۆ یەكەمجار لەدوای نزیكەی 5 ساڵ لە كوژرانی، ژنەكەی ئەبو بەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش كە ناوی (ئەسما محەمەد)ە، دەردەكەوێت و ئەو نهێنیانە ئاشكرا دەكات كە پێشتر شاردراوە بوون.  

ژنەكەی بەغدادی لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی لەگەڵ كەناڵی (العربیە)، نهێنییە تایبەتەكان بۆ یەكەمجار ئاشكرا دەكات و باس لەو ساتانە دەكات كە لە ژیانی خۆی و ژیانی هاوسەرگیری و وردەكارییەكانی ئەو ساتانەی تێیدا ژیاوە و لەبیرناكرێن. 

بەپێی هەندێك لە قسەكانی، ژنەكەی بەغدای باس لە چۆنیەتی پەیوەندیكردنی مێردەكەی دەكات بە  رێكخراوی قاعیدە و باس لەوە دەكات كە چۆن زانیویەتی، باس لە پەیوەندی مێردەكەشی دەكات لەگەڵ ژنەكانی تری و ئەندامانی خێزانی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەبایاكانی. 

ئەو ژنە دەڵێت، بەغدادی زیاتر لە 10 كچ و ژنی ئێزدی هەبووە. 

ئەسما محەمەد، باسی وردەكاریی دوایین ساتی ژیانی بەغدادی و كوژرانی دەكات لە بۆردومانەكەی ئەمریكا كە كرایە سەر پارێزگای ئیدلیب لە باكووری خۆرئاوای سوریا لە 26ی تشرینی یەكەمی 2019.  


مەترسیدارترین تیرۆریست 
بەغدادی، ناوی تەواوی ئیبراهیم بن عەواد بن عەلی-یە، ناسناوەكەی ئەبو بەكر بەغدادییە، لە 28ی حوزەیرانی 1971 لە دایكبووە. 

ئەو ئەمیری رێكخراوی بەناو (دەوڵەتی عیراقی ئیسلامی) بوو، پاش ئەوەی جێگەی ئەبو عومەر بەغدادی گرتەوە، دواتر لەگەڵ گروپەكانی تری دەوڵەتی عیراقی ئیسلامی چەكدار و رێكخراوی بەرەی نوسرەی شام  لە سوریا، لەژێر ناوی "رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام" ، "داعش"، یەكیان گرت كە هەموویان رێكخراوی تیرۆریست بوون.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە 4ی تشرینی یەكەمی 2014، ئەبو بەكر بەغدادی وەك تیرۆرستێكی جیهانی راگەیاند و بڕی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو كەسە تەرخان كرد كە زانیاریی دەدات و لەڕێی زانیارییەكانی بەغدادی دەستگیردەكرێت، یان دەكوژرێت. 

لە 16ی كانوونی یەكەمی 2016، ویلایەتە یەكگرتووەكان خەڵاتەكەی بۆ 25 ملیۆن دۆلار زیادكرد. 

رێكخراوە تیرۆریستەكە لە 29ی حوزەیرانی 2014، بە دامەزراندنی بەناو (خەلافەتی ئیسلامی) راگەیاند و ئەبو بەكر بەغدای بە خەلیفە دەستنیشان كرد، رێكخراوەكە ژمارەیەكی زۆری شارەكانی لە عیراق و سوریا كۆنترۆڵ كرد كە بریتیبوون لە موسڵ و رەقە و تكریت و نەینەوا و رومادی و كۆبانی و دێر زور و ناوچەكانی ریفی حمس و حەما و حەسەكە و گرێ‌ سپی. 

دوای ئەوەش گروپە تیرۆریستییەكانی تر لە وڵاتانی ترەوە، دەچوونە پاڵ رێكخراوی داعش، تا ئەو دەمەی لە لە مانگی ئەیلولی 2014 هاوپەیمانییەكی سەربازی نێودەوڵەتی كە 85 وڵاتی لەخۆگرت بە سەركردایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ بەگژداچوونەوە و لەناوبردنی داعش پێكهێنرا. 

ویلایەتە یەكگرتووەكان لە 26ی تشرینی یەكەمی 2019، كوژرانی بەغدادی لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەت لە پارێزگای ئیدلیب لە باكووری خۆرئاوای سوریا، راگەیاند. 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن