دەرهێنەرێکی ناسراوی ئێرانی بە هەشت ساڵ زیندانیکردن سزادرا

هەمەڕەنگ

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 197

راچڵەکین-

محەممەد رەسوولۆف، دەرهێنەری ناسراوی ئێرانی، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بەهەشت ساڵ زیندانیکردن سزادرا.

بابەک پاکنیا، پارێزەری سینەماکاری ناسراوی ئێرانی محەممەد ڕەسوولۆڤ، ڕایگەیاند کە رەسوولۆف سزای؛ هەشت ساڵ زیندانی (٥ ساڵ کارپێکراو)، قامچی لێدان، غەرامە و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی بەسەردا سەپێنراوە.

بەوتەی پارێزەرەکەی دادگا ئەم دەرهێنەرەی بەهۆی واژۆکردنی بەیاننامەی دژ بە حکومەت و دروستکردنی فیلم کە دادگا بە "کۆبوونەوە و هاوپەیمانی بە نیازی ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی نەتەوەیی" ناساندوویەتی، سزاداوە.

رەسوولۆف لە کاتێکدا ئەم سزایەی وەرگرتووە، لە فێستیڤاڵی کان لە 3ی ئایاردا ڕایگەیاند کە نوێترین بەرهەمی "تۆوی هەنجیری پیرۆز" هەڵبژێردراوە بۆ بەشداریکردن لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی کان.

پارێزەرەکەی رەسوولۆف رایگەیاند، کە بەشێک لە ئەکتەرەکانی ئەم فیلمە بانگهێشت کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە، ڕۆیشتنە دەرەوەی وڵاتیان لێ قەدەغە کراوە و پێیان وتراوە کە داوا لە دەرهێنەر بکەن فیلمەکە لە فێستیڤاڵی کان بکشێنێتەوە.

 

ناوبراو پێشتریش چەندین جار بەهۆی واژۆکردنی بەیاننامە و ناوەڕۆکی فیلمەکانییەوە رووبەرووی زیندانی کردن و سزای قەدەغەکردنی دەرچوون لە وڵاتی بەسەردا سەپاوە.

پێش ئەمەش فیلمەکانی "بەهیوای دیدار"، "دەستنووسەکان ناسووتێن"، "دوورگەی ئاسنین" و "خڵتە" لە دەرهێنانی رەسوولۆف لە فیستیڤاڵی کان لە فەڕەنسا نمایشکراون. بۆ فیلمی "خڵتە" لە کان خەڵاتیشی بەدەستهێنابوو.

 

پێشتریش رەسوولۆف، ساڵی 2021 لە پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی "خەڵاتی شکۆمەندی" پێبەخشرا.

 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن