چیرۆكی سۆران مەسیحی

کەلتوور

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 198

نەبەز گۆران

 كارەكتەرێكی شۆڕشگێڕ. لەناو ئایینێكی جیاواز لە ئایینی زۆربەی كورددا، چیرۆكێك دەست پێدەكات.

ڕاستییەكەی من پێشتر ئەم شۆڕشگێڕە شكۆمەندەم نەدەناسی، تا كتێبەكەی هاوڕێم كاك (محەمەد گۆران)م، خوێندەوە. ئیتر كەڵكەڵەی گەڕان بەدوای ئەم پاڵەوانەدا وایلێكردم، بێ‌ ئەوەی بیناسم، بێ‌ ئەوەی لەسەردەمی مندا ژیابێت، بە چیرۆكەكەی خۆشم بووێت.

ئەو شۆڕشگێڕانەی لەناو شارەكاندا، لەناو دڵی سیستەمەكەدا بەدوای بەعسی و جاشەكاندا گەڕاون بۆ ئەوەی تۆڵەی گەلی كوردیان لێبكەنەوە، زۆر مەزنن و جێگای ستایشكردنن. لە سلێمانی (ئاسۆی دەلاك) هەڵگری ئەو ڕۆحە شۆڕگێڕییە بوو، كۆڵان بە كۆڵان، شوێن بە شوێن بەدوای بەعسییەكاندا گەڕاوە بۆ ئەوەی تۆڵەی دەستدرێژییەكانیان لێبكاتەوە، لە هەولێر ئێمە هەمیشە چیرۆكی (سەرداری سەعید سۆفی)یمان دەبیست، میدیا و دامەزراوەكان هەمیشە ئەم پاڵەوانەیان پێدەناساندین. هەر ئەمەبوو من لە كتێبی ئایدۆلۆژیای بەعسدا، پێشكەشی (سەرداری سەعید سۆفی و ئاسۆی دەلاك)م كرد، بۆ ئەوەی ئەو ڕۆحە شۆڕگێڕییەیان بەرزبنرخێنم و دەریخەم چ پێگەیەكی بەهێزیان لەناو هزری نەوەی دوای خۆیاندا هەیە.

دەبایە پێشتر سۆران مەسیحیش بناسم، بەڵام كەمترین ئیشی لەسەركراوە. ئەو جوامێرییەی لەم كارەكتەرەدا هەبووە، هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ ئاسۆی دەلاك و سەرداری سەعید سۆفیدا. دەتوانین لەو ڕۆژگارە تاریكەدا بڵێین: دەنگی فیشەكەكانی سەردار و سۆران، دەنگی ناسنامەی كورد بوون.

گەل هەمیشە بە چیرۆك درێژە بە شوناسەكەی خۆی دەدات، گەلی بێ‌ چیرۆك گەلێكی مردووە، ئەو گەلەی شۆڕشگێڕەكانی چیرۆكی بۆ دروست دەكەن تا شوناسەكەی ڕاگرن، ئەو گەلە ئەگەر لە شكستیشدا بێت، دەتوانێت بەو چیرۆكانە سەرلەنوێ‌ خۆی هەڵچنێتەوە.

لەم سەدساڵەی ڕابردوودا ئێمە هەزاران چیرۆكی مەزنمان هەیە، كە دەكرێت بگوازرێنەوە بۆناو دونیای گێڕانەوە و لەناو ئەدەبدا نیشتەجێ‌ بكرێن. من سۆران مەسیحی لەبیرناكەم، دەبێت لە شوێنێكدا كاری لەسەربكەم، چونكە چیرۆكەكەی هەم شكۆمەندانەیە، هەم تراژیدییە.

خیانەت ئاسۆی دەلاكی دابەكوشتن، بە هەمان شێوە خیانەت سۆران مەسیحیشی دابەكوشت. بەڵام حەیف خائینەكەی ئاسۆ تۆڵەی لێنەكرایەوە، بەڵام خائینەكەی سۆران تۆڵەی لێكرایەوە. تۆڵەكردنەوە لە دوژمنی گەل وزە بە شوناس دەدات، سەرلەنوێ‌ هێزی دەستپێكردنەوە پتەوتر دەكات. تۆڵە لە دوژمن وەك تۆڵە نییە لەگەڵ هاوزمان و هاو شوناسێكی خۆتدا، چونكە ئەویتری دوژمن بۆ سڕینەوەی تۆدێت، ئەگەر بە هزرێكی بەخشندانە لەگەڵی بچوڵێیتەوە، شوناسەكەت و بوونەكەت دەسڕێتەوە. 

سۆران مەسیحی، پاڵەوانی ناو كۆڵان و شەقامەكانی هەولێرە. ئەو شۆڕشگێڕەی لە سەردەمە تاریكەكانی بەعسدا دەچووە ناو شار و بەدوای بەعسییەكاندا دەگەڕا بۆ ئەوەی تەمێیان بكات.  هەتا خۆی مابوو بەعس بەو هێزە توندەی خۆیەوە جەسارەتی نەدەكرد دەست بۆ خێزانەكەی ببەن. سۆران ئەو پاڵەوانەیە چەندین بەعسی ناردوە بۆ ئەو شوێنەی پێویستە لێیبن. دوای خیانەتكردنەكە و كوشتنی، ئیتر چیرۆكە تراژیدییەكە دەست پێدەكات.

خێزانەكەی سێبەر و ئەو كچەی كە دوای خۆی لەدایك بووە بەعس دەیان كوژێت، باوكی و دایكی و چوارخوشكەكەشی بە هەمان شێوە. بە شێوەی كۆمەڵكوژی دەیانكوژێت و لە گوندێكی عەرەب نشین ئەم كارە دەكات، بۆ ئەوەی هزری تۆڵەكردنەوەكە بەرگێكی تری پێبدات. تەرمی هەندێكیشان هێشتا دیارنییە. ئەم چیرۆكە دەبایە زۆرتر كاری لەسەربكرێت، دەبایە نووسەرەكانی هەولێر نەیانهێشتبا چیرۆكی شۆڕشگێڕێك و خێزانەكەی بەوجۆرە فەرامۆش بكرێت. یەكێك لە ئەركەكانی ئەدەب هزراندنە بۆ بەرهەمهێنانی چیرۆكی نەتەوە، پرسی ئەدەب پرسێكی نەتەوەییە، ئەدەب نەتەوە دروست دەكات و چیرۆكەكانی دەبنە دینەمۆی هزراندنی نەتەوە. كاتێك چیرۆكێكی پڕ وزە و تراژیدی و شۆڕگێڕانەی وەك ئەوەی سۆران لە شارەكەتدا هەبێت، تۆ وەك گێڕەڕەوەیەك ئیشت چییە ئەگەر نەتوانیت ئەو چیرۆكانە سەرلەنوێ نیشتەجێ بكەیت لەناو زماندا؟! 

لە هەمووحاڵەتێكدا سۆڕان و چیرۆكەكەی دنەمان دەدەن سەرلەنوێ‌ بیر لە ئەویتری عەرەب، بیر لە خیانەتی ناوخۆ، بیر لە نۆكەری ئەویتری ئاغا، بیر لە تۆڵە، بیر لە بەرگریكردن لە شوناس و بوونەكەمان بكەینەوە. هەرچۆن سەردار و ئاسۆ بوون بە ڕەمزی ڕۆحێكی شۆڕشگێرانەی ناو هەناوی داگیركەر، سۆرانیش هەمان پاڵەوانی ناو ئەو داستانەیە. بێگومان هێندە سەرنجڕاكێشە تەنها ئەدەبی گێڕانەوە دەتوانێت شوێنە ڕاستەقینەكەی خۆی پێبداتەوە. بۆیە ئەم كورتە سەرنجەم نووسی، تا دەریخەم ئازایەتییەكەی و چیرۆكی شۆڕشگێڕبوونی خۆی و تراژیای خێزانەكەی، ڕامانوەشێنێت جارێكی تر، بیر لە كوردبوونمان و ئەویتری داگیركەر و نۆكەرەكەی ناوخۆ بكەینەوە، كە چەندە ئەو نۆكەرە ترسناكە و  داگیركەر دەهێنێتە ناو ماڵەكەوە.

وێنەكە: سۆران مەسیحی شۆڕشگێڕ و خاتوو سێبەری هاوژینیەتی. تازەكراوەتەوە

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن