ئەمریكا دوایین هەڵوێستی خۆی لەبارەی بوونەوەری ئاسمانی ئاشكرا كرد

ڕاپۆرت

09/03/2024     ژمارەی بینراو 388


راچڵەكین- 
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پنتاگۆن"، ڕایدەگەیەنێت، سەبارەت ئەو تەنە فڕیوە نەناسراوانەی ناو بەناو دەبینرێن، بەڵگەیەك نییە پەیوەندییان بە "بوونەوەری زیرەكی دەرەوەی هەسارەكەمان"وە هەبێت.  

بەپێی ڕاپۆرتێكی "پنتاگۆن" كە لەلایەن واشنتۆن پۆستەوە بڵاوكراوەتەوە"دوای پێداچوونەوەیەكی درێژخایەن بە چالاكییەكانی حكومەتی ئەمریكا كە پەیوەندییان بە تەنە نەناسراوەكان یان بوونەوەری دەرەوەی زەوییەوە هەیە، هیچ بەڵگەیەك لەبارەی سەردانی بوونەوەرە زیرەكەكانی دەرەوەی هەسارەكەمان بۆ سەر زەوی، یان بردنەوەى كەشتییە ئاسمانییە تێكشاوەكان لەسەر زەوی دەستەبەر نەبووە".  

دەرەنجامەكە هاوتایە لەگەڵ هەوڵەكانی پێشووی حكومەتی ئەمریكا بۆ هەڵسەنگاندنی وردی ئەو باسانەی بۆ دەیان ساڵە سەرنجی خەڵكیان ڕاكێشاوە.

"ڕاپۆرتەكە پێداچوونەوەی بەو زانیاریانەدا كردووە كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر و تێیدا هاتووە، هیچ بەڵگەیەكی پشتڕاستكراوەی نەدۆزیوەتەوە بۆ بینینی چالاكی تەنە فڕیوە نەناسراوەكانی دەرەوەی زەوی"، ئەمەش بە وتەی تیم فیلیپس بەڕێوەبەری ئۆفیسی دیاردە ناسروشتییەكان لە پێنتاگۆن. 

راپۆرتەكە رەتیدەكاتەوە "هیچ بەڵگەیەك هەبێت كە حكومەتی ئەمریكا یان پیشەسازی تایبەت، سەبارەت بە تەكنەلۆژیای دەرەوەی زەوی، شاردبێتییەوە". 

فیلیپس دەڵێت"هیچ زانیارییەك نییە كە بە شێوەیەكی نایاسایی یان نەشیاو، لەوبارەیەوە لەلایەن كۆنگرێسەوە شاردرابێتەوە". 

كۆنگرێس كە داوای كردبوو راپۆرتەكە ئامادە بكرێت، تێیدا هاتووە"هەموو هەوڵ و لێكۆڵینەوەكان، لەهەموو ئاستەكانی پۆلێنكردندا، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی زۆربەی بینینەكان كەلوپەل و دیاردەی ئاسایی بوون و بە هەڵە لێكدانەوەیان بۆكراوە، دواتر راپۆرتێكی بۆ رووماڵكردنی نوێترین لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە بڵاودەكرێتەوە". 

فیلیپس هۆكاری بڵاوبوونەوەی مشتومڕەكان لەسەر ئەو جۆرە چالاكییانە كە گەیشتوونەتە نێو كۆنگرێسی ئەمریكا، بۆ "ئەو تۆمەت و راپۆرتانە دەگێڕێتەوە كە كۆمەڵێك كەس بەشێوەیەكی نادروست دووبارەیان كردووەتەوە لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوو". 

راپۆرتەكە هەڵسەنگاندنی بۆ قسەوباسانە كردووە كە لەلایەن نزیكەی 30 كەسەوە خراونەتەڕوو، لەنێویاندا فەرمانبەرانی پێشوو و ئێستای حكومەتی ئەمریكا كە باسییان لە بەشداریی كردووە لەو جۆرە بەرنامانە، یان چیرۆكیان لەبارەی بەرنامەكانەوە بیستووە و ئەو تەنانەیان بینیوە كە بەهەڵە لێكدانەوەیان بۆ دەكرێت. 

فیلیپس پێیوایە،" زۆربەی ئەو كەسانەی ئەو قسانە دەكەن، بەبێ مەبەست هەوڵی بەلاڕێدابردنی خەڵكیان داوە، زۆرێك لە راستییەكانی رووداوە راستەقینەكانیان بە هەڵە لێكداوەتەوە، یان بەرنامە هەستیارەكانی ئەمریكایان بە هەڵە زانیوە كە پەیوەندییان بە تەنە نەناسراوەكانەوە هەیە". 

ڕاپۆرتە لە دووتوێی 63 لاپەڕەدا هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو ئەنجامانە كردووە كە بەڵگەنامە مێژووییەكان و بەرنامەكانی حكومەتی ئەمریكا پێی گەیشتوون كە مێژووی هەندێكیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1945 سەبارەت بە دەفرە فڕیوەكان، بەو پێیەی ڕێگەیان پێدراوە ئازادانە دەستیان بە راپۆرت و بەڵگەنامەكان بگات، بەبێ گوێدانە ئاستی نهێنییەكان، ئەمەش لەلایەن رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"وە خراوەتەڕوو. 

بەرپرسانی ئەمریكایی هەوڵیانداوە، وەڵام بۆ ژمارەیەكی زۆر لە راپۆرتەكانی تایبەت بە تەنە نەناسراوەكان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بدۆزنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەكی راستەقینەیان لەسەر بوونی ژیانی دەرەوەی زەوی دەستنیشان نەكردووە، هەروەها راپۆرتێكی حكومەت كە لە ساڵی 2021 دەرچووە، بەدواداچوونی بۆ 144 بینینی تەنی فڕیو، یان ئامێرەكانی تر كردووە، بەڵام هیچی نەدۆزراوەتەوە،فڕین بە خێرایی یان رێڕەوی نهێنی، واتە ئەوانەی پەیوەندییان بە دەرەوەی زەوییەوە هەبێت، بەڵام ئەنجامەكان ئەوەبوون كە "پێویستە زانیاریی باشتر دەستەبەربكرێت". 

بەرپرسە ئەمریكاییەكە لە هاوینی رابردوودا سەرنجێكی نوێی بەدەستهێنا كاتێك ئەفسەرێكی خانەنشینكراوی هەواڵگری هێزی ئاسمانی لەبەردەم كۆنگرێسدا وتەی خۆی پێشكەش كرد و رایگەیاند "ئەمریكا بەرنامەیەكی لەمێژینەی شاردووەتەوە بۆ وەرگرتنەوەی تەنە فڕیوە نەناسراوەكان"، پنتاگۆن قسەكانی رەتكردەوە، هەرچەندە لە كۆتایی ساڵی 2022دا، دروستكردنی نوسینگەیەكی نوێی بۆ بەدواداچوونی راپۆرتەكانی تایبەت بە تەنە فڕیوە نەناسراوەكان راگەیاندبوو، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هەمان ئەو نوسینگەیە، لە هەینی رابردوودا دوایین راپۆرتی لەو رووەوە بڵاوكردەوە و ئاماژەی  بە بوونی "سەدان" ڕاپۆرتی نوێ‌ كرد، "بەبێ‌ ئەوەی هیچ بەڵگەیەك دۆزرابێتەوە، سەبارەت بە بوونی ژیانێكی نامۆ". 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن