"لەباوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی بروسك، ئێمە لێتانەوە نزیكین، دەستبەكاربن"

ڕاپۆرت

10/03/2024     ژمارەی بینراو 233

راچڵەكین- ئاسۆ شەیدا

لە 11ی ئاداری ساڵی 1991واتا 33 ساڵ پێش ئێستا خەڵكی هەولێر بەبانگەوازی ( لەباوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی  بروسك، ئێمە لێتانەوە نزیكین، دەستبەكاربن) دەستیان بەراپەڕین دژی رژێمی رووخاوی بەعس كردو لەماوەیەكی كەمدا شارەكەیان لەهێزەكانی بەعس دەستوپێوەندەكانی پاككردەوە.

راپەڕینی هەولێر بە بانگەوازی (لەباوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی  بروسك، ئێمە لێتانەوە نزیكین، دەستبەكاربن) دەستیپێكرد كە لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ عەلی-ەوە سەرپەرشتی دەكرا.

جۆش و خرۆشی خەڵكی هەولێر و تینوێتیان بۆ ئازادی، وایكرد لەماوەیەكی كورتدا سەرجەم دامودەزگاكانی رژێمی بەعس كۆنترۆڵ بكرێن و شارەكە لەبەعسییەكان پاكبكرێتەوە، دواتر لە بەردەم قەڵای هەولێر ئاهەنگی رزگاركردنی شارەكەیان گێڕا.

جەماوەری شاری ھەولێر ھەر لە سپێدەی بەیانییەوە لە گەڕەكەكانی شۆڕش، مەلایان و برایەتیی سەرەوە، ڕژانە سەر شەقام و كووچە و كۆڵانەكان و بەگڕو تینەوە لە سەرجەم بارەگا و دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی ڕژێمی بەعس هاتنە دەست ، بەتایبەت دائیرەی ئەمن و جەیشی شەعبی و ئەمنی تەواری و مەنزوومەی شیمالی و بنكەكانی پۆلیس، تا ئێوارە سەرجەم ئەو بارەگایانە كۆنتڕۆل كران، تەنھا لە دائیرەی ئەمن و مەنزومەی شیمالی بەرگرییەكی سەختیان كرد، بۆیە كوژراوێكی زۆریان لێ كەوتەوە.

یەكەم شەهیدی پیاو لەو راپەڕینەدا لەشەقامی شەست مەتری و لەبەردەم ئەمنی شیمالی و،  یەكەم شەهیدی ژن لەبەردەم پارێزگای هەولێر شەهیدكران.

(بەهرام جەمیل) یەكەم كەس بوو لە رۆژی 11ی ئاداری 1991و لەراپەڕینەكەی هەولێر شەهید بوو، یەكەم شەهیدی ژنیش ( خەجەباوە) بوو.

فەهیمە سابر، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیاندووە:" یەكەم شەهیدی پیاو شەهید بەهرام جەمیل بوو كە لە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناو شاری هەولێر كاری دەكردو لەشەقامی شەست مەتری و لەبەردەم ئەمنی شیمالی شەھید بوو."

شەهید بەهرام جەمیل

"هەروەها یەكەم شەهیدی ژنیش خەجەباوە بوو كە شانبەشانی برا پێشمەرگەكان هاتە سەرشەقام و لەبەردەم پارێزگای هەولێر بەگوللـەی قەناس شەهید كرا."

شەهید خەجەباوە

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن