36 ساڵە چاوی لەدوای گۆڕی ونی خوشكە جوانەمەرگەكەیەتی

ڕاپۆرت

16/03/2024     ژمارەی بینراو 244

راچڵەكین -

چیرۆكی مەهابات محەمەد ڕەحیم-ی تەمەن (64 ساڵ)، خوشكی بەیان كە كچی شێخ محەمەدی هەرسینە، جیاواز لە چیرۆكەكانی دیكە شەهیدانی هەڵەبجە، لە غەریبی و لەو شارەی وەك مامۆستا تەمەنی خۆی بۆ خزمەتكردنی تەرخان كرد و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان كرد، گۆڕی ونە.

بەیان محەمەد ڕەحیم تەمەن (72 ساڵ)، دانیشتووی شاری سلێمانی، 36 ساڵە لە هەموو یادێكی كیمیابارانی هەڵەبجەی شەهیددا سەردانی شارەكە دەكات و، بۆ مەرگی خوشكە جوانەمەرگە گۆڕ ونەكەی بەشداری لە رێوڕەسمی یادی شەهیداندا دەكات.

بەیان هەموو ساڵێك بە وێنەی خوشكە شەهیدەكەیەوە و بە دڵی گەرمەوە یادی شەهیدانی هەڵەبجە دەكاتەوە و تەواوی شەهیدانی هەڵەبجە بە شەهیدی خۆی دەزانێت.

چیرۆكێكی جیاواز



چیرۆكی مەهابات محەمەد رەحیم، خوشكی (بەیان) كە كچی شێخ محەمەدی هەرسینە، جیاواز لە چیرۆكەكانی دیكە شەهیدانی هەڵەبجە، لە غەریبی و لەو شارەی وەك مامۆستا تەمەنی خۆی بۆ خزمەتكردنی تەرخان كرد و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان كرد، گۆڕی ونە.

مەهابات كە مامۆستای پیشەیی بووە، ناوی لە هەڵەبجە هاتووەتەوە و لەوێ بۆ ماوەی سێ مانگ خزمەتی بە شارەكە كردووە.

وەك بەیان خانی خوشكی مامۆستا مەهاباتی جوانەمەرگ باسی دەكات، یەك ڕۆژ پێش كیمیابارانی هەڵەبجە مامۆستا مەهابات گەڕاوەتەوە هەڵەبجە و ئیدی چاویان پێی نەكەوتووەتەوە.

بەیان بە دڵی گەرم و چاوی پڕفرمێسكەوە باسی لە دوایین ساتی بینی خوشكەكەی و هاتنەوەی بۆ هەڵەبجە كرد و ڕایگەیاند:" خوشكەكەم مامۆستا بوو، ناوی لە هەڵەبجە دەرچوو، لە شاری هەڵەبجە كەسوكاری خۆمانی لێ بوو (عومەری رەسام)، لە ماڵی ئەوان دەمایەوە، ماوەی سێ چوار مانگ بوو لێرە مامۆستای پیشەیی بوو. ڕۆژێك پێش كیمیابارانەكە هاتەوە بۆ هەڵەبجە و دەیگوت بەڕێوەبەرەكەمان دەڵێت، دەبێت هەر بێیتەوە بۆ دەوام. لەبەرئەوەی خەڵكی دیكە ڕۆیشتوون و جێگەیان چۆڵە، دەبێت تۆ بێیتە جێگەیان، هەرچەندە پێمان دەگوت مەڕۆرەوە ئەو دەیگوت نابێت هەر دەبێت بڕۆمەوە، ئەوە كاری خۆمە و دەبێت بچمەوە".

هەروەها بەیان خان بە دڵی گەرمەوە باسی دوایین چركەساتی ژیانی خوشكەكەی كرد و وتی:" مامۆستا مەهابات لە ژێر زەمینی ماڵەكەدا بووە، لە كاتی بۆردومانەكەدا ئەو لەسەر پلیكانەكان بووە، ڕۆشنای كچی كاك عومەر هێنابوویە سەرەوە، لەو كاتەدا ئەویش كەوتبوو، هەردووكیان بەلادا هاتوون، ئێمە بەهیچ جۆرێك هیچ ئاسەوارێكیمان نەبینییەوە".

"خۆم بەخاوەنی هەموو شەهیدانی هەڵەبجە دەزانم"

بەیان خۆی بە خاوەنی هەموو شەهیدانی هەڵەبجە دەزانێت، نەك تەنیا خوشكە شەهیدەكەی و دەڵێت: "من تەنیا خاوەنی ئەم شەهیدە نیم، خاوەنی هەموو شەهیدانی هەڵەبجەم، دەبێت هەموو ساڵێك بێم بۆ یادەكەی، چونكە نازانم لە كام گۆڕەدایە، لە چ كۆمەڵەیەكدایە، بەڵام كە دێم دڵم پێی خۆش دەبێت و بانگی دەكەم، دەڵێم ئەوە هاتووم بۆلات هەست نەكەیت لێرە تەنیایت. خەڵكی هەڵەبجە كە ئەم كۆمەڵكوژی و كارەسات و نەهامەتییەیان بەسەردا هاتووە، هەزارانی وەك ئێمەش تیایدا دڵسوتاو بووین".

بەیان خان ئەوەیشی خستەڕوو كە ناوی خوشكە شەهیدەكەی لەبەر ئامادەنەبوونیان ناوی لەسەر كێلەكان نییە، بەڵام ناوی لە مۆنۆمێنتەكەدا هەیە و وتی:" هەرچەندە ئەمە مەزارێكە و هیچ تەرمێكی لەژێردا نییە، بەڵام دڵمان خۆشە كە تەقدیری ئەم شەهیدانە كراوە و ناویانی لەسەر نووسراوە، منیش پێم خۆشە ئەگەر ناوی خوشكەكەشمی تێدا نەبێت، وا دەزانم هەموو ئەم شەهیدانە كەس و خوشك و خوشكەزا و كەسی منن، لەبەرئەوەی من خاوەنی هەموو شەهیدانی هەڵەبجەم".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن