هۆشداری بەهاوڵاتیان دەدرێت

کوردستان

18/03/2024     ژمارەی بینراو 920

راچڵەكین-

فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لەهاوڵاتیان دەكات لەو ناوچانەی نزمن و ئەگەری كۆبوونەوەی ئاو هەیە، دوور بكەونەوە و ئۆتۆمبێل ڕانەگرن.

فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویكردووەتەوە، بە هۆی بارانی زۆر و ئەگەری ڕوودانی لافاو لە درەنگانی ئەمشەو و ڕۆژی سێشەممە، 19ی ئاداری 2024، بارودۆخی كەشوهەوای هەرێمی كوردستان سەخت دەبێت.

ئەوەش روونكراوەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و كارەسات و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم، شەپۆلێكی بارانبارین و هەورەتریشقەی بەهێز لە درەنگانی ئەمشەو دووشەممە و سبەی سێشەممە، لە تەواوی كوردستان ڕوودەدات، زۆرترین بڕی بارانبارینیش لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دەبێت، بەوەش ئەگەری هەستانی لافاو هەیە.

بۆ زانیاریی زیاتری هاووڵاتییان، زۆرترین باران لەم كاتانەدا لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەبارێت:
هەولێر/ 40 ملیم/ كاتژمێر 11 ی پێشنیوەڕۆی سێشەممە تاكوو كاتژمێر 6 ی ئێوارە.
سلێمانی/ 40-55 ملیم/ دواینیوەڕۆی سێشەممە، تاكوو چوارشەممە.
دهۆك/ 70 ملیم/ درەنگانی ئەمشەو دووشەممە، تاكوو شەوی سێشەممە.
هەڵەبجە/30-35 ملیم/ دواینیوەڕۆی سێشەممە تاكوو چوارشەممە.
گەرمیان/30-40 ملیم/ دواینوەڕۆی سێشەممە تاكوو چوارشەممە.
زاخۆ/80 ملیم/ درەنگانی ئەمشەو دووشەممە، تاكوو شەوی سێشەممە.
سۆران/ 60ملیم/ بەرەبەیانی سێشەممە، تاكوو درەنگانی شەوەكەی.
ڕاپەڕین/ 85 ملیم/ دواینیوەڕۆی سێشەممە، تاكوو چوارشەمە.

لەم ڕووەوە هۆشداری دەدەینە هاووڵاتییان، پابەندی ئەم ڕێنماییانە بن:

١- لەو ناوچانەی نزمن و ئەگەری كۆبوونەوەی ئاو هەیە، دوور بكەونەوە و ئۆتۆمبێل ڕانەگرن.
2- بۆ دووربوون لە هەورەتریشقە، سەردانی ناوچە شاخاوییەكان نەكرێت.
3- لە ڕێگە سەرەكییەكان هۆشیار بن و گەر زۆر پێویست نەبێ ڕێگەكان بەكار نەهێنرێن.
4- بە ڕێنمایی دەزگە خزمەتگوزارییەكان پابەند بن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن