نێچیرڤان بارزانی پەیامێك ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەكات

کوردستان

20/03/2024     ژمارەی بینراو 315

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان

راچڵەكین -

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی كوردی و هاتنی جەژنی نەورۆز، پەیامێك بڵاودەكاتەوەو داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكات بە گیانی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی و بە لێكگەیشتن، ناكۆكییەكان چارەسەر بكەن.
 
لەو پەیامەیدا كەئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردەوە، نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاندووە، لەم جەژنە پیرۆزەدا جەخت لە بڕوا و سیاسەتی نەگۆڕمان دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە لە ناوچەكە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت.

دەقی پەیامەكە:
 
نەورۆز، جەژنی نەتەوەیی و سەری ساڵی تازەی كوردی، بە گەرمی لە خێزان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، لە هەر كوردێك و هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان لە هەركوێ بن‌، پیرۆز دەكەم. هیوای ساڵێكی تازەی پڕ لە خۆشی و تەندروستیی باش، ئارامی و ئاسوودەیی و سەركەوتن بۆ هەمووان دەخوازم. 
 
ئەمڕۆ كە بە دۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕین، داوا لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەم، بە گیانی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی و بە لێكگەیشتن، ناكۆكییەكان چارەسەر بكەن تا بتوانین پێكەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و ئاڵنگارییەكان ببینەوە و فیدراڵی و قەوارەی سیاسی و ماف و دەسكەوتە دەستوورییەكانمان بپارێزین. هەمووان لە هەمان كەشتیداین و ئەگەر هاوهەڵوێست و یەكڕیز باین، دۆخەكە بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت.
 
گەلی كوردستان هەرگیز واز لە ئازادی و مافەكانی ناهێنێت. مێژوو سەلماندوویەتی تا نكۆڵی لە كورد و كوردستان بكرێت و مافەكانی پێشێل بكرێت، عێراق خۆشی و سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت. با هەموومان لە عێراق لە هەڵەكانمانەوە فێر ببین. جێبەجێنەكردنی دەستوور و فیدراڵی و ڕێككەوتنە سیاسییەكان، دەستیدەستیكردن بە شایستەكان و هەوڵی بچووككردنەوەی هەرێمی كوردستان و پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی، جگە لە زیان هیچ سوودێكی بۆ عێراق نابێت. 
 
لەم جەژنە پیرۆزەدا جەخت لە بڕوا و سیاسەتی نەگۆڕمان دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە لە ناوچەكە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت. خوازیاری پەیوەندیی باش و دۆستانە و دراوسێیەتیی باشە لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندیی هاوبەش. هەر لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی لەو گەلانەش دەكەین كە جەژنی نەورۆز دەگێڕن و ئەم یادە دەكەنەوە. 
 
سوپاسی تێگەیشتن و گیانی بەرپرسیاریەتی و خۆڕاگریی فەرمانبەران و خەڵكی كوردستان دەكەم. لە نزیكەوە ئاگاداری باری ژیان و گوزەرانیانین. چارەسەركردنی ئەم دۆخە، كاری لەپێشینەی هەموومان لە هەموو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانە. دڵنیایان دەكەمەوە كە ئەم سەختیانەش تێدەپەڕن و دەبنە ڕابردوو. بە ئومێدەوە بەرەو ژیان و داهاتوویەكی باشتر هەنگاو دەنێین و كوردستان بۆ هەمیشە وڵاتی پێكەوەژیان و لێبوردەیی و فرەیی دەمێنێتەوە.
 
نەورۆز و سەری ساڵی تازەتان پیرۆز
هەموو ساڵێك بە خۆشی
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2024/3/20

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن