لیژنەی دارایی پەرلەمان: دابەزینی نرخی دۆلار بەردەوام دەبێت

ئابوری

21/03/2024     ژمارەی بینراو 328

راچڵەكین- 
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، پێشبینی دەكات نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا لەماوەی چەند رۆژی داهاتوو زیاتر داببەزێت. 

مستەفا كەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانیكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"دابەزینی نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا بەهۆی بڕیار و رێكارەكانی چەند مانگی رابردووەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی دۆلار بەردەوام دەبێت، ئێمە لە سەرەتاوە وتوومانە چارەسەری تەنگژەكە پێویستی بە كاتە، تا ئەنجامی بڕیار و رێكارەكان دەربكەێت". 

بە وتەی كەرعاوی:"لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بەهای دۆلار بەشێوەیەكی بەردەوام لە بازاڕەكاندا رووی لە دابەزین كردووە، ئەمەش دەبێتە مایەی تەواو كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار و لە بازاڕەكانیشدا ئەو دابەزینە بەردەوام دەبێت، پاش ئەوەی لەماوەكانی رابردوودا دۆلار بەرزترین ئاستی خۆی تۆماركرد". 

ماوەی چەند رۆژێكە نرخی دۆلار، لە بازاڕەكانی بەغدا و پارێزگاكاندا بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە و نرخی 100 دۆلار بووەتە 149 هەزار دینار، ئەمەش لەكاتێكدایە كە لەچەند مانگی رابردوودا نرخی 100 دۆلار گەیشتە نزیكەی 170 هەزار دینار. 

لەئێستادا نرخی 100 دۆلار لە بۆرسەكانی هەولێر و سلێمانی، بە 149 هەزار و 750 دینار مامەڵەی پێوە دەكرێت. 

بانكی ناوەندی عیراق، 100 دۆلار بە نرخی فەرمی خۆی و بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن