وەزارەتی نەوتی عیراق راگەیەندراوێك لەبارەی نەوتی هەرێم بڵاودەكاتەوە

ئابوری

25/03/2024     ژمارەی بینراو 590


راچڵەكین- 
وەزارەتی نەوتی عیراق راگەیەندراوێك لەبارەی نەوتی عیراق بڵاودەكاتەوە و دەڵێت، زانیارییان لەبارەی قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە نییە.

بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عیراق بڵاوكرایەوە"حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندان ملیار دۆلاری كۆمپانیا نەوتییەكان قەرزدارە و حكومەتی عیراق هیچ زانیاریی و وردەكارییەكی لەبارەی ئەو قەرزانەوە نییە". 

وەزارەتی نەوتی عیراق وەك وەڵامی راپۆرتێكی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) كە دەڵێت"داهاتی ساڵانەی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت  بەڕێژەی 60% كەمیكردووە و یەك ملیار دۆلار قەرزیان لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە، راگەیەندراوەكەی بڵاكردووەتەوە و تێیدا رایگەیاندووە"حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتییەكان تائێستا وێنەیەك لە گرێبەستەكانی بەرهەمهێنانی نەوتیان رادەست نەكردوون بۆ ئەوەی تاوتوێ بكرێن و گرێبەستی نوێیان بۆ بكرێت بەگوێرەی دەستور و یاسا". 

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە"راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئاداری 2023دا بەهۆی بڕیارێكی توركیا و لەپاش دەرچوونی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی ژووری بازرگانی پاریسەوە بوو لە بەرژەوەندی عیراق، راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەهۆی بڕیاری حكومەتی عیراقەوە نەبووە".
وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت"لەدوای گفتوگۆ و دانوستاندن عیراق و توركیا گەیشتنە رێككەوتن تا لەماوەیەكی كورتدا دەستبكرێتەوە بە هەناردەكردنەوەی نەوت و چارەسەركردنی كێشە تەكنیكییەكان، چونكە حكومەتی عیراق زیانی زۆری پێگەیشتووە بەهۆی راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان". 

وەزارەتی نەوتی عیراق پێیوایە"هۆكاری سەرەكی راگرتنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە ئێستادا بریتییە لەوەی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن و بەرهەمەكانیان بەشێوەیەكی فەرمی رادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناكەن". 

وەزارەتی وتی عیراق دەڵێت"هەر كات كۆمپانیا نەوتییەكان بەرهەمی كێڵگە نەوتییەكانیان بەگوێرەی یاسا رادەست بكەن، لەماوەیەكی زۆر كەمدا دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەكەنەوە"، رەتیشیدەكاتەوە "ملكەچی مەرجەكانی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان ببن كە ئەوان بە سەرپێچی یاسای دادەنێن و داواش لە كۆمپانیا نەوتییەكان دەكەن رێز لە سەروەریی عیراق و یاسا و بڕیارەكانی دادگاكانی عیراق بگرن". 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن