" لەهەولێر لە‌لایەن تیمی پارتی لەحكومەتی هەرێم دەستبەسەر مووچەی فەرمانبەراندا گیراوە، نەك لەسلێمانی"

کوردستان

25/03/2024     ژمارەی بینراو 465


راچڵەكین-

سەرچاوەیەك لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت:" لەهەولێری پایتەخت و لە‌لایەن تیمی پارتی لەحكومەتی هەرێم دەستبەسەر مووچەی فەرمانبەراندا گیراوە، نەك لەسلێمانی"
 
سەرچاوەیەك لەیەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ماڵپەری فەرمی ئەو حزبەی راگەیاندووە:" لەكاتێكدا كە بافڵ جەلال تاڵەبانی و تیمی یەكێتی لەحكومەتی هەرێم و لەحكومەتی فیدراڵ زۆر بە راشكاوانە و خەمخۆرانە، هەوڵە بەردەوامەكانییان چڕكردووتەوە بۆئەوەی مووچە دەستبەسەرداگیراوەكەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشبكرێت و چارەسەرێكی ریشەیی بۆكێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدۆزنەوە، دواهەوڵیش كۆبوونەوەی دوێنێی فراكسیۆن و تیمی یەكێتی بوو لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵ، بەڵام ئەمڕۆ لایەنێكی سیاسی لەشاری سلێمانی بەسوود وەرگرتن لە ناڕەزایەتییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و لەرێی كادیرانی خۆیانەوە هەوڵەكانی خۆیان بۆ لەرێدابردن و شێواندنی راستییەكان خستووتەگەڕ".

" بەهەموو خەڵكی كوردستان رادەگەیەنین لەگەڵ ئەوەی یەكێتی سیاسەتێكی نەگۆڕی هەیە بۆ بەرگریكردن لە مافە رەواكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، دەمانەوێت ئەو راسییەش بڵێین كە  لەهەولێری پایتەخت و لە‌لایەن تیمی پارتی لەحكومەتی هەرێم دەستبەسەر مووچەی فەرمانبەراندا گیراوە، نەك لەسلێمانی"، سەرچاوەكەی یەكێتی وادەڵێت.

ئەو كورتهێنانەی مانگەكانی رابردوو بۆ مووچە لەپارەكەی بەغدا پڕ‌‌یكردووەتەوە، پێویستە لەئێستادا حكومەتی هەرێم نزیكەی یەك ترلیۆن دینار داهاتی ناوخۆی سێ مانگی رابردووی لەبەردەستدابێت، ئەمە جگە لەوەی لەماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا ترلیۆنێك و 226 ملیار دیناریشی لە بەغداوە بۆهاتووە، كە بەكۆی گشتی زیاتر لە 2 ترلیۆن و 200 ملیار دینار دەكات و لەو بڕ‌ەش تەنها 949 ملیاری بۆ مووچەی یەك مانگ خەرجكردووە.

ئەو سەرچاوەیەی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" دەبێت هەموو لایەنەكان شانبەشانی فەرمانبەران و مامۆستایان گوشارە هاوبەشەكانیان لەسەر تیمی پارتی لەحكومەتی هەرێم دروست بكەن بۆ ئەوەی لەهەولێر بڕیار لەسەر دابەشكردنی مووچە بدرێت، بەدەر لەمە هەر لایەنێك بیەوێت سیناریۆیەكی دیكە دروستبكات بەدڵنیاییەوە  بۆ بەلاڕێدابردنی راستییەكانە و خزمەت بەولایەنە دەگەیەنێت كەبۆ مەرامێكی سیاسی دەستی بەسەر مووچەی فەرمانبەراندا گرتووە".

لەگەڵ ئەوەی چارەنووسی مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12ی ساڵی رابردوو بە نادیاری ماوەتەوە، لە سێ مانگی رابردووی ئەمساڵیشدا حكومەتی هەرێم تەنها مووچەی یەك مانگی دابەشكردووەو بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتیش پارەی لەبەردەستدایەو بەبڕ‌یاری سیاسی تیمی پارتی لەحكومەت دابەشكردنی راگیراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن