راپۆرتێكی ئەمریكایی: بەمنزیكانە ئێران هێرشدەكاتە سەر ئیسرائیل

ڕاپۆرت

06/04/2024     ژمارەی بینراو 299

راچڵەكین- 
بەرپرسان دەڵێن، ئیسرائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكان بڕوای تەواوییان هەیە كە ئێران خۆی بۆ وەڵامدانەوەی بۆردومانەكەی ئیسرائیل بۆسەر كونسوڵخانەی ئێرانی لە سوریا، ئامادە دەكات. 

تۆڕی (سی بی ئێس نیوز)ی ئەمریكایی لە زاری بەرپرسانی وڵاتەكەوە بڵاویكردەوە:"هێرشەكە لەڕێی بەكارهێنانی مووچەكی كرو و شاهیدەوە دەبێت، لە ئێرانەوە هەڵنادرێت، بەڵكو لە خاكی عیراق یان لە خاكی سوریاوە هەڵدەدرێت". 

دوو شەممەی رابردوو، ئيسرائيل كونسوڵخانەی ئێرانی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بۆردومان كرد، لە بۆردومانەكەدا ژمارەیەك لە فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسدارانی ئێران كوژران". 

بەپێی راپۆرتە ئەمریكاییەكە، ویلایەتە یەكگرتووەكان زانیاریی هەواڵگری دەستەبەركردووە كە باس لە پلانی ئێران دەكات بۆ هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەڕێی ژمارەیەك فڕۆكەی خۆكوژی شاهید و مووشەكی كروز. 

بە وتەی بەرپرسان، كات و ئامانجەكە نەزانراون، بەڵام وەڵامی گونجاوی ئێران بۆ هێرشەكەی دیمەشق، لێدانێكی ئێرانی دەبێت بۆ دامەزراوەیەكی دیپلۆماسی ئیسرائیلی، پێدەچێت هێرشەكە لە ئێستاوە تا كۆتایی مانگی رەمەزان و لە هەفتەی داهاتوودا ئەنجام بدرێت. 

ئەو بەرپرسانە دەڵێن"شتێكی تر هەیە كە گرنگ و نەزانراوە، ئەویش شوێنی هەڵدانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان و مووشەكەكانە- لە عیراق یان لە سوریاوە دەبێت، تا لێوەی ئێران وەك حاشاكردن و رەتكردنەوەیەكی لاواز بەكاریبهێنێت، یان لەنێو خاكی ئێرانەوە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان و مووشەكەكان هەڵدەدرێن". 

لە هەینی رابردوودا لە تاران مەراسیمی بەخاسپاردنی ئەو حەوت ئەندامەی سوپای پاسداران بەڕێوەچوو كە لە بۆردمانەكەی ئیسرائیل لە دیمەشق كوژران كە دوانیان جەنەراڵ بوون. 

لیوا حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران لە مەراسیمی بەخاسپاردنەكەدا رایگەیاند"ئیسرائیل ناتوانێت لە سزاكان هەڵبێت"، وەك هێماكردنێك بۆ كوشتنی ئەفسەرە ئێرانییەكان، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی لەبارەی چۆنیەتی یان كاتی تۆڵەكردنەوەكەی ئێرانەوە نەخستەڕوو. 

وەك هەوڵێك بۆ رێگرتن لە بەئامانجگرتنی دامەزراوەكانی پەیوەست بە ویلایەتە یەكگرتووەكان، بەرپرسانی ئیدارەكەی بایدن رەتیدەكانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشوەختە لەبارەی هێرشەكەوە ئاگاداركرابێتنەوە. 

جۆن كیربی، رێكخەری ئەنجوومەنی یاسایشی نەتەوەیی بۆ پەیوەندییە ستاتیژییەكان رایگەیاند، لە پێنجشەممەی رابردوو سەرۆك بایدن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، هەڕەشەكانی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل تاوتوێ‌ كردووە.  

بە ئاشكرا هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە لە ئسیرائیل كراوە، بۆیە هێرشەكەی ئێران بۆسەر دامەزراوەیەكی ئیسرائیلی، دەبێتە هەنگاوێكی تری نزیكبوونەوە لە جەنگی ئیقلیمی. 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن