سەرۆکانی "سی ئای ئەی" و "مۆساد" بۆ ئاگربەستی غەزە دەچنە قاهیرە

جیهان

06/04/2024     ژمارەی بینراو 279

راچڵەکین-

بەمەبەستی ئەنجامدانی دانوستان بۆ کۆتاییپێهانن بە جەنگی غەزە، هەریەک لە سەرۆکی "سی ئای ئەی" و سەرۆکی مۆساد گەشتی قاهیرە دەکەن.

ماڵپەڕی ئەمریکی ئەکسیۆس لەمبارەیەوە ڕایگەیاند، بەفشاری جۆ بایدن، هەریەک لە دەیڤد بارنیا سەرۆکی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی و ویلیام بێرنز سەرۆکی دەزگای سی ئای ئەمریکی سەردانی قاهیرەی پایتەخستی میسر دەکەن، کە دانوستانەکانی ئیسرائیل و حەماس لەوێدا بەڕێوەدەچێت.

پێشتریش بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندبوو، کە جۆ بایدن ڕۆژی هەینی پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان، داوای لە سەرۆکانی میسر و قەتەر کردبوو، حەماس ڕازیبکەن بەوەی ئاگربەست بکات بۆ ئازادکردنی دیلە ئیسرائیلییەکانی ژێردەستی.

کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، کە بڕیارە دانوستانەکان بەبەشداری سەرۆکانی سی ئای ئەی و مۆساد، سەرۆکانی وڵاتی میسر و قەتەڕ بەڕێوەبچێت.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکیش بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەڕەنسای ئاشکرای کرد، کە ناتانیاهۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ جۆ بایدن، جەختی لەوە کردبووەوە، کە بۆ ئازادکردنی دیلە ئیسرائیلییەکان لە ژێر دەستی حەماس دەبێت "هەر کارێک پێویست بێت" بیکەن.

ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، کە ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ کردبووە تاوەکو بەبێ دواخستن و هەرچی زووە لەگەڵ حەماس ئاگربەست ڕابگەیەنن.

 

لای خۆشیەوە، حەماس ڕایگەیاند سبەینێ یەکشەممە لیژنەیەک بۆ دانوستانەکە دەنێرێتە قاهیرە، جەختیشیان لەوە کردووەتەوە کە مەرجەکانیان بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی بریتین لە؛ دەرچوونی ئیسرائیل لە غەزە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن