ئێران کەی و چۆن هێرشدەکاتە سەر ئیسرائیل؟

ڕاپۆرت

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 338

راچڵەکین-

ئێران ژمارەیەکی زۆر لە درۆن و مووشەکی کروزی بۆ تۆڵەکردنەوە و هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئامادەکردووە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستگەیشتووە، دەریدەخات کە ئێران خۆی بۆ هێرش و تۆڵەکردنەوە ئامادە دەکات، لەڕێگەی ژمارەیەکی زۆر لە درۆنی "شاهد" و مووشەکی کرووزەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی ئەمریکی ئەگەری ئەوەیان داناوە، کە ئێران کونسوڵخانە و باڵێۆزخانەکانی ئیسرائیل لە چەند وڵاتێک بەئامانج بگرێت.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز وێڕای ئەوەی ساتی هێرشکردنەکە ڕوون نیە، بەڵام بەوتەی بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا ئەم هێرشە پێش مانگی ڕەمەزان و لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕوودەدات.

هێشتا دیار نیە کە ئایا مووشەک و درۆنەکانی ئێران لە سوریا و عێراق یاخود ڕاستەوخۆ لە خاکی ئێرانەوە دەهاوێژرێن.

هەندێک لە شرۆڤەکارانی سەربازی ئەمریکا ئەگەری ئەوەیان داناوە کە ئێران ڕاستەوخۆ ئیسرائیل بەئامانج بگرێت لەبری ئەوەی لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکا لە سوریا و عێراق بەکاربهێنێت.

بەرپرسێکی بەرگری ئیسرائیل وتی، شیکەرەوەکانی ئیسرائیل بەو ئەنجامە گەیشتوون کە ئێران خۆی هێرش دەکات و هاوکاریش لە حزبوڵڵا وەردەگرێت.

ئێران، شەممەی ڕابردوو دووبارە هەڕەشەی کردەوە و ڕایگەیاند، تۆڵەی ئەو هێرشە دەکاتەوە کە کرایە سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی سوریا و حەوت ئەندامی باڵای هێزی قودسی تێدا کوژرا.

محەممەد باقدری سەرۆکی یەکەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران وتی لە  "ئۆپەراسیۆنی تۆڵە" زۆرترین گورز لە ئیسرائیل دەدەین، و ئەم تۆڵەکردنەوەیە بە"دروستی" ئەنجام دەدرێت. ڕاشیگەیاند "جۆر و شوێنی ئۆپەراسیۆنەکەش ئێمە دیاریدەکەین."

سوپای پاسداران ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە لە هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی، محەممەد زاهدی فەرماندەی سوپای قودس لە سوریا و لوبنان و یاریدەدەرەکەی لەگەڵ پێنج ئەفسەری دیکە کوژران. کە ئەمە وەکو گەورەترین گورز بوو لە ئێران، لە پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی لە ساڵی ٢٠٢٠.

کاردانەوەی ئێران بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی لە کاتی خۆیدا بریتی بوو لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر پێگەی عەینولئەسەد کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرە لە عێراق.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن