سوید هێزی سەربازی رەوانەی وڵاتێكی ئەوروپا دەكات

جیهان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 301

راچڵەكین -

بۆ یەكەمجار لە مێژوویدا، سوید هێزی سەربازی رەوانەی دەرەوی وڵاتەكەی دەكات، ئەمەش وەك پابەندبوونێك بە یاساكانی ناتۆ، كە لەماوەی رابردوودا بووە 32یەمین ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە سەربازییە.

ئۆلف كریسترسون، سەرۆكوەزیرانی سوید لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دوای تەواوكردنی سەرجەم رێكارەكانی تایبەت بە ئەندامیەتی ناتۆ، بڕیارماندا لە سەرەتای ساڵی داهاتوو یەكەیەكی سەربازی رەوانەی لاتڤیا بكەین.

سەرۆكوەزیرانی سوید ئاماژەی بەوەكرد، ئەو هێزەی كە رەوانەی لاتڤیا دەكرێت، لە كەتیبەیەكی زرێپۆش و ژمارەیەك سەرباز پێكدێت و لەچوارچێوەی هێزەكانی ناتۆ ئەرك و فەرمانەكان جێبەجێ دەكات.

ئەم هەنگاوە لەدوای رۆژێك دێت لە واژۆكردنی راگەیاندنە هاوبەشەكەی نێوان ناتۆو دەستەی ئەركانی گشتی سوپای سوید سەبارەت بە تەواوكردنی سەرجەم رێكارەكانی پەیوەست بە ئەندامییەتی ئەو وڵاتە لە پەیمانی ناتۆ.

ماوەی 200 ساڵە سوید بەشداری لە هیچ شەڕێكی جیهانیدا نەكردووەو ئەمەش یەكەم جارە بڕیاری ناردنی هێزی سەربازی بۆ دەرەوەی سنوورەكانی دەربكات. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن