شەپۆلێکی بارانبارین بەڕێوەیە و جووتیاران ئاگاداردەکرێنەوە زووتر دروێنە بکەن

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 294

راچڵەکین-

کەشناسێک پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین بۆ سەرەتای مانگی پێنج دەکات، ئەمەش بەزیانبەخش بۆ بەروبومی کشتوکاڵی دەزانێت و هۆشدارییەک بەجووتیاران دەدات کە زووتر دروێنە بکەن.

سیروان ساڵح شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، وەک پێشتر چەند جارێک باسمان کردووە، لە سەرەتای مانگی پێنج بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک شەپۆلێکی ناوبەناوی باران و هەورەبروسکه تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و گەرمیان دەگرێتەوە. شەپۆلەکە ناوبەناو لە نێوان کاتەکانی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە تاوەکو دووشەممەی هەفتەی داهاتووە بە کاریگەری دوو شەپۆلی چالاک و بەهێز دەبێت.

دەشڵێت، سەرچاوەی هەردوو شەپۆلەکه هەردوو دەریای سوور و دەریای ناوەڕاستە، جگە لەوەش ئەگەر هەیە شێی خولگەیی دەریای عەرەب و باشووری سودان شەپۆلەکە زیاتر بەهێز بکات و هەوری بەهێزی کەڵەکە یان سۆپەرسێڵ دروست ببێت.

لەمبارەیەوە ناوبراو باس لەوە دەکات، کە بەگشتی هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین لە مانگی پێنج و لەم کاتەدا بۆ کشتوکاڵی گەنم و جۆ باش نییە و ئەگەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە زیانی زۆری دەبێت، چونکە لەم کاتەدا بای توند و بارانی بەخوڕ و هەورەبروسکەو هەندێک کات تەرزەی لەگەڵە ئەمانە هەموویان زیانن بۆ گەنم و جۆ.


بۆیە ئەو کەشناسە رێنمایی جووتیارەکان دەکات و دەڵێت:" وەک دەزانن ئێستا کاتی دروێنەی جۆیە، لە گەرمیان بەشێکی زۆری جۆ و هەندێک گەنمیش کاتی دروێنەیەتی، بەتایبەت ئەوانەی وشک بوون باشترە پەلە بکەن لە دروێنەکردنیان، لە ئەمڕۆ هەینییەوه تاوەکو ڕۆژی سێشەممە دەرفەتتان هەیە. تکایە پەلەی لێ بکەن بۆ ئەوەی دووربن لە زیانەکانی ئەو دوو شەپۆلە."

ئاماژە بەوەش دەکات، کە هێشتا شەپۆلەکان لە گۆڕانکاریدان و جێگیر نەبوون، بەڵام بەهۆی فراوانی و گشتگیری شەپۆلەکان پێناچێت لاوازببن یان تێک بچن، تا ئەم کاتەی نوسینی ڕاپۆرتەکە هەردوو شەپۆلەکە بە بەهێزی ماونەتەوه.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن