ئەو کەسانەی بانگەشەی حەجی بازرگانییان دەکرد دەستگیر دەکرێن

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 20

راچڵەکین-

ئەمڕۆ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق، دەستگیرکردنی چەند کەسێکی راگەیاند، کە بانگەشەیان بۆ حەجی بازرگانیی کردووە و مۆڵەتی کارکردنیان نەبووە.

حەسەن فەهد، وتەبێژی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق رایگەیاند، هەندێک لە خاوەن کۆمپانیاکانی حەج و عومرە فێڵیان لە هاوڵاتییان کردووە و بانگەشەی ئەوەیان کردوە کە ڤیزەیان هەیە و هاوڵاتییان دەتوانن لە رێگەی کۆمپانیاکانیانەوە رێوڕەسمی حەج ئەنجام بدەن، بەشێوەی حەجی بازرگانی.

ئەوەش دەڵێت، کە ئەو کەسانە رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر و دەستگیرکراون.

ناوبراو هۆشداریشی بەو کەسانە داوە کە ئەو کارە دەکەن. دەشڵێت :" لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودیە هەماهەنگی هەیە بۆ دانانی سنورێك بۆ ئەو كۆمپانیا و نووسینگانەی هاوڵاتیان هەڵدەخەڵەتێنن و بانگەشەی پێدانی ڤیزا دەكەن بەرامبەر بە بڕێكی زۆر لە پارە."

هاوکات داواش لە هاوڵاتیان دەکات نەکەونە ژێر کاریگەری ئەو کەسانەی کاری لەو جۆرە دەکەن و بانگەشەی حەجێکی لەو جۆرە دەکەن.

وتەبێژی دەستەی حەج و عەمرەی عێراق وتیشی، ڤیزای حەج بۆ هاوڵاتیان تەنها لەلایەن دەستەكەوە دەدرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن