وەزارەتی كارەبا: ڕێگە نەدرا كوژانەوەی گشتی لە سیستەمی كارەبا رووبدات

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 153

راچڵەكین-

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، توانراوە قەرەبووی بەشێكی زۆری زیانەكانی كەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی كارەبا لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر بكرێتەوەو رێگە نەدراوە كوژاندنەوەی گشتی لەسیستەمی كارەبا رووبدات.

ئەمڕۆ شەممە، كەمال محەممەد ساڵح، وەزیری كارەبا و وەزیری بە وەكالەتـی  سامانە سروشتییەكانی حكوـەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە: "پاش هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر توانیویان قەرەبووی بەشێكی زۆری زیانەكانی كەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی كارەبا بكەن و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەننە 1600 مێگاوات".

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، بە پلانێكی تۆكمە توانراوە قەرەبووی بەشێكی زۆری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە كێڵگەكە بكرێتەوە و ڕێگە نەدراوە كوژانەوەی گشتی لە سیستەمی كارەبا رووبدات.

وەزیری كارەبا دەڵێت: "ئێستا وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانی چارەكردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گاز دایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان و ئاسایبوونەوەی دۆخەكە".

ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، بە درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. لە ئاكامی هێرشەكەدا، چوار كرێكاری یەمەنی كوژران و دووانی دیكەش بریندار بوون. هەر بەو هۆیەوە، 2500 مێگاوات كارەبا كەمبووتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن