راچڵەکین-
شەوی رابردوو کاتژمێر 9:30 خولەک ئاگرێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر دوای نزیکەی سێ کاتژمێر توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، ژمارەیەک هاووڵاتی و کارمەندی بەرگریی شارستانیش بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە 300 دوکان لە بازاڕی قەیسەری بەهۆی رووداوەکەوە سووتاون. بەشێک لەوانەی لە رووداوەکە برینداربوون لە نەخۆشخانە ماون و بەشێکی دیکەشیان رەوانەی ماڵەوە کراون.
کاتژمێر 12:30ـی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، چەند بریندارێک هەیە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەڵام خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان لە ڕووداوەکە نییە.
لەبارەی قەبارەی زیانەکان، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەکرد، لێكۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە دەکرێت و قەبارەی زیانە ماددییەکانیش دەخەمڵێندرێت و دواتر ئاشکرا دەکرێت.
ئومێد خۆشناو وتیشی، لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستیپێکردووە و لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بەرگریی شارستانی دوای ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ هەموو زیانەکان دەکات، هۆکارەکان دیاری دەکات و بۆ رای گشتی رایدەگەیێنێت.
لەبارەی تەشەنەکردنی ئاگرەکەوە ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بەشێکی کەمتەرخەمیی کاسبکارانە کە دووکانەکانیان داناخەن، بە پەردە دایدەخەن، شتومەکەکانیان لەبەردەم دووکانەکانیان جێدەهێڵن. هەموو ئەو رێکارانەی کە لە رابردوودا بڕیارمان لێداوە دەگیرێنەبەر و بەردەوام دەبن.