وەزارەتی کارەبا: ئاگرەکەی بازاری قەیسەری هەولێر بەهۆی کارەباوە نەبووە

کوردستان

06/05/2024     ژمارەی بینراو 296

راچڵەکین-

وەزارەتی کارەبا لەبارەی ئاگرەکەی شەوی رابردووی بازاری قەیسەریی هەولێر رایگەیاند، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا بەڵگەیەک نەبووە لەسەر ئەوەی کە هۆکاری سووتانەکە پەیوەندی بە کارەباوە هەبێت.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر فەرمانی وەزیری کارەبا لێژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووداوە نەخوازراوەکانی وەزارەتی کارەبا، بەسەرپەرشتی حوسێن حەمەد قادر ڕاوێژکاری وەزارەت سەردانی  شوێنی سوتانی قەیسەری هەولێریان کرد. ئەمەش بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەوەی کە کارەبا هۆکاری سووتاندنی بازارەکە بووە یاخود نا.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بەڵگە و ئاماژەی وا لەبەر دەستدا نەبوو بەوەی کە هۆکاری سووتانەکە پەیوەندی بە کارەباوە هەبێت.

دەشڵێت، لێژنەکەش هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامی دەبێت لەگەڵ لێژنەکانی لێکۆڵینەوە و لایەنە پەیوەندارەکانی پارێزگای هەولێر.

ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو  کاتژمێر 9:30 خولەک ئاگرێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر دوای نزیکەی سێ کاتژمێر توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، ژمارەیەک هاووڵاتی و کارمەندی بەرگریی شارستانیش بریندار بوون. 

نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی هەولێریش رایگەیاند، بە گوێرەی ئاماری فەرمی 228 دوکان و حەوت کۆگای بازاڕی قەیسەری سووتاون. ئاماژە بەوەش دەدات، تاوەکو ئێستا هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە ئاشکرا نەبووە.

قائیمقامی هەولێر ئەوەشی وت، ئەو ئامارەی پێشتر ڕاگەیەنرابوو گوایە زیاتر لە 370 دوکان سووتاون، ئاماری سەرەتایی بوو و پشتڕاست کراوە نەبوو، بەڵام ئەمەی ئێستا ڕامانگەیاند، دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی وردیی لیژنەکە بووە.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن