راچڵەكین -
لەهەولێر ژمارەیەك دەرمانخانە بەهۆی فرۆشتنی دەرمانی بێ ستیكەر و نایاسایی، لەلایەن تیمەكانی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان-ی سەر بە وەزارەتی تەندروستی داخران.
بەگوێڕەی راگەیاندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، ئەمڕۆ سێشەممە، تیمی چاودێریی بازاڕی سەر بە كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، بەهەماهەنگی لەگەڵ لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازان و پۆلیسی شارەوانیی قایمقامیەت، لەمیانی هەڵمەتێكدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرمانی بێ ستیكەر و نایاسایی و كواڵیتی خراپ، پێنج دەرمانخانەو شوێنێكی نایاسایی دەرمانفرۆشییان لەشاری هەولێر داخست.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دەرمانخانەكان دەرمانی بێ ستیكەر و نایاساییان بە هاوولاتیان فرۆشتووە، بەو هۆیەشەوە بڕیاری داخستنیان دراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، داواشی لە هاوڵاتییان كردووە تەنها دەرمانی بە ستیكەر بكڕن و خۆیان لە بەكارهێنانی دەرمانی بێ ستیكەر بەدووربگرن.