راچڵەکین-
دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان ئەمڕۆ هەینی، بڕیارێکی بە 13 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 2 دەنگی نەخێر، بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە دەرکرد.
دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، کە بەرزترین دامەزراوەی دادوەرییە و سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، بنکەکەی لەشاری لاهایە لە هۆڵەندا، بە ئاماژەدان بەوەی کە دۆخی کەرتی غەززە خراپتر بووە، لە بڕیارێکی بەپەلەدا فەرمانی بە ئیسرائیل کرد ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی شاری ڕەفەح ڕابگرێت.
دادوەرەکانی ئەم دادگایە ئەمڕۆ هەینی 24-5-2024 ڕایانگەیاند کە دۆخی غەززە لە دوایین جارەوە کە فەرمانیان بە ئیسرائیل کرد قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە باشتر بکات، خراپتر بووە، بە تایبەتی لە بواری دابینکردنی خۆراکدا.
ئەو فەرمانانەی ئەمڕۆ دادگای نێودەوڵەتی بۆ ئیسرائیل دەرکردووە بریتین لە:
ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە ڕەفەح.
کردنەوەی دەروازەی سنووری رەفەح لەگەڵ میسر بۆ هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان.
دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتنی پشکنەران و بەرپرسانی تایبەت بە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان لە غەززە.
ئیسرائیل پێویستە لە ماوەی یەک مانگدا کارەکانی خۆی سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەم فەرمانانە بە راپۆرتێک بەدادگا بگەیەنێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی دادگاکە، سەبارەت بە دۆخی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی کە لە دەستی حەماسدان لە غەززە وتی: "دادگا زۆر نیگەرانە زۆر لە چارەنووسی بارمتەکان و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجیان دەکات". وتیشی: "بە قووڵی جێگەی نیگەرانییە کە هێشتا زۆرێکیان لە دیلیدان".
لە بەرامبەردا، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، ئیتمار بن گۆیەر لە لێدوانێکی تونددا دەڵێت: پێویستە بەداگیرکردنی رەفەح بڕیارەکەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان وەڵام بدرێتەوە.
هاوکات، سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگا سەبارەت بە پێویستی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ڕەفەح کرد.
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، ئەفریقای باشوور سکاڵای لە دادگای نێودەوڵەتی تۆمار کرد بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت، ئیسرائیل لە شەڕی دژی حەماس لە کەرتی غەززە کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە.
حکومەتی ئەفریقای باشوور رایگەیاندووە، کە شێوازی شەڕی ئیسرائیل لە دژی حەماس "جینۆسایدە"، چونکە بەپێی سکاڵای ئەفریقای باشوور، ئیسرائیل "مەبەستی قڕکردنی فەلەستینییەکانە لە غەززە".
ئیسرائیل بە توندی بانگەکەشەی ڕەتکردەوە و وتی "ئەوەی لەم سکاڵایەدا سەبارەت بە بارودۆخی جەنگ وروژێنراوە، بە تەواوی درۆیە."
هاوکات ئەفریقای باشوور پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای نێودەوڵەتی کردووە.
بڕیارە وەزیرانی کابینەی ئیسرائیل بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی تاوتوێ بکەن. بەڵام بەرپرسانی حکومەتی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، "هیچ دەسەڵاتێک لەسەر زەوی ناتوانێت ڕێگری لە ئیسرائیل بکات لەوەی کە هاوڵاتییانی خۆی دەپارێزێت و بۆ ئەم مەبەستەشە شەڕی حەماس لە غەززە دەکات."