قالیباف وەکو سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردرا

جیهان

28/05/2024     ژمارەی بینراو 336

راچڵەکین-

لەگەڵ دەستپێکی دووهەمین ڕۆژی کارکردنی پەرلەمانی ئێران، جارێکی دیکە محەمەد باقر قالیباف وەک سەرۆکی نوێی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردرا. ناوبراو بە 197 دەنگ بووە دوازدەهەمین سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

لە هەڵبژاردنەکاندا محەممەد باقر قالیباف، مەنوچێهر موتەکی و موجتەبا زولنووری سێ کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان بوون. موجتەبا زولنووری 60 دەنگ و مەنوچێهر موتەکی پێنج دەنگی بەدەستهێنا.

بەپێی پەیڕەوی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، تا هەڵبژاردنی داهاتووی ناوخۆیی پەرلەمان، بۆ ماوەی ساڵێک لەم پۆستەدا دەمێنێتەوە.

سەرکەوتنی ئەمڕۆی قالیباف لە کاتێکدا بەدیهات کە جیا  لەوەی کە ئوسوڵگەرا تونڕەوەکانی ئێران لەم خولەی هەڵبژاردندا زۆربەی کورسییەکانی نوێنەرایەتیان بەدەستهێناوە، دەنگۆی ئەوەش بڵاوکرایەوە کە قالیباف ڕەتیکردەوەتەوە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کاندید بکات.

پێشتر لە رۆژنامەکانی ئێران ناوی قالیبافیش وەکو یەکێک لەو کەسانە ناو هێنرابوو کە ئەگەری کاندیدبوونی هەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆککۆماریی ئێران.

ناوبراو لە پێشتریش لە کابینەی یازدەهەمدا بۆ ماوەی چوار ساڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بووە، کە ناسراوە بە "ئەنجومەنی ئیسلامی". چەند جارێکیش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار کاندید کراوە، بەڵام هەموو جارێک شکستی هێناوە.

محەمەد باقر قالیباف لە سەرەتادا زیاتر بە کەسایەتییەکی سەربازی ناسرابوو و پێشینەی کارکردنی لە هێزی پۆلیس و، قەرارگەی "خاتەم ئەلئەنبیا" و هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران هەیە. دواتر بوو بە سەرۆکی شارەوانی تاران و دوای ئەوەی لە بازنەی هەڵبژاردنی تارانەوە هاتە ناو پەرلەمان، وەک ئەندام پەرلەمان و سەرۆک هەڵبژێردرا.

لە ماوەی 12 ساڵەی دەسەڵاتی محەمەد باقر قالیباف وەک سەرۆکی شارەوانی تاران، ئەم دامەزراوەیە ڕووبەڕووی تۆمەتی گەندەڵی و گەندەڵی بووەوە.

سەرەکیترین ئەو تۆمەتانە پەیوەندی بە دۆسیەی موڵک و ماڵی شارەوانییەوە هەبوو کە تیایدا زەوی و خانوو بە ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی، سەربازی ئێران بە بڕە پارەیەکی زۆر کەمتر لە بەهای ڕاستەقینەی ئێران درا.

داواکاری گشتی ئێرانیش دۆسییەیەکی پشتڕاست کردبووەوە کە "پێشێلکارییەکی یەکلاکەرەوە" هەبووە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، محەمەد باقر قالیباف لە ساڵانی ڕابردوودا سێ جار خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار کاندید کرد، بەڵام هەر جارێک شکستی هێنا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن