هەڕەشە لە بنیامین ناتانیاهۆ دەکرێت

جیهان

02/06/2024     ژمارەی بینراو 363

راچڵەکین-

بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، هەتا حەماس لەناونەچێت، کۆتایی بە شەڕی غەززە نایەت، ئیسرائیلیش ئامادە نییە ئاگربەستی هەمیشەیی بکات. لەناوخۆشدا دۆخی لێ ئاڵۆزبووە؛ چەند سەرکردەیەکی حکومەتەکەی هەڕەشەی لێدەکەن کە حەماس زووتر لەناوبدات و بەئاگربەست رازی نەبێت، لەلایەکی دیکەشەوە ئەم هەڵوێستەی ناتانیاهو و چەند سەرکردەیەکی ئیسرائیل بەتوندی لەلایەن خەڵکی ئیسرائیلەوە رەتدەکرێتەوە و داوای راگرتنی جەنگ و ئازادکردنی بارمتەکان دەکرێت.

حەماس ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو، کە ئامادەیە بۆ هەنگاوێکی "ئەرێنی و بنیاتنەر"، بەڵام هاوکات مەحمود مەرداوی، بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس بە کەناڵی قەتەری ڕاگەیاندووە کە هێشتا وردەکارییەکانی پێشنیاری ئاگربەست لە ئیسرائیلەوە پێنەگەیشتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بزووتنەوەی حەماس داوا دەکات ئیسرائیل لە غەززە بکشێتەوە و ئاگربەستی هەمیشەیی رابگەیەنێت، ئینجا دەتوانن رێککەوتنیان لەگەڵ بکەن. لە کاتێکدا ناتانیاهۆ ئەمەی رەتکردووەتەوە.

ناتانیاهو وەکو پێشووتریش رایگەیاندبوو، رەتیدەکاتەوە پێش "لەناوبردنی" حەماس جەنگی غەززە رابگرێت.

ئیتامار بن گۆیەر، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە هەڕەشەی ڕووخانی حکومەتی ئیسرائیلی کرد ئەگەر ناتانیاهۆ ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بەبێ لەناوبردنی حەماس قبوڵ بکات.

هەروەها بێتسالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەگەر سەرۆکوەزیران ڕازی بێت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بەبێ لەناوبردنی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتەکان، دەست لەکار دەکێشێتەوە.

سمۆتریچ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ نەتانیاهۆ هەڵوێستی خۆی دەربڕیوە.

هەڵوێستی ئەم دواییەی ناتانیاهۆ پرسیار لەسەر لێدوانەکانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە ڕۆژی هەینی سەبارەت بە پێشنیاری ئاگربەست دەوروژێنێت.

بایدن لە وتارەکەیدا ڕێککەوتنێکی سێ قۆناغی ڕاگەیاند، کە بەوتەی بایدن ئیسرائیل پێشنیاری کردبوو بۆ چەکدارانی حەماس و ڕایگەیاند، کە ئەم ڕێککەوتنە دەتوانێت ببێتە هۆی ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل لە غەززە و کۆتایی هاتنی شەڕ لەم ناوچەیە.

لەبەرامبەردا تا ئێستا ئاماژەیەک لە حەماسەوە نییە بۆ خۆبەدەستەوەدان یاخود چەکداماڵین و لە شەڕکردن بەردەوامە.

لەلایەکی دیکەشەوە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز نووسیویەتی گەلی ئیسرائیل بە هۆی نیگەرانییان لە چارەنووسی بارمتەکان دەیانەوێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن.

دوێنێ شەممە، دەیان هەزاران كەس لە تەلئەڤیڤ-ی پایتەختی ئیسرائیل بەشدارییان لەو خۆپیشاندانە كرد كە هەفتانە لەدژی حكومەتەكەی بنیامین نەتانیاهۆ ئەنجام دەدرێت.

میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لەڕێگەی فراوانكردنی ناڕەزایەتییەكانیان، گوشارەكانیان بۆسەر حكومەتی نەتانیاهۆ زیاتركردووەو داوای لێدەكەن رەزامەندی لەسەر ئەو دەستپیشخەرییە بدات، كە لەلایەن جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا خراوەتەڕوو بۆ رێككەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ لە كەرتی غەززەو گۆڕینەوەی دیل و بارمەتەكان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس.

داواكارییەكی دیكەی خۆپیشاندەرانی ئیسرائیل، هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی ئێستا و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، كە سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رەتیدەكاتەوەو پێداگریی لەسەر مانەوەی لە پۆستەكەی دەكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن