دانوستانەکان بۆ گەیشتن بەئاگربەست لە غەززە ڕاگیران

جیهان

14/07/2024     ژمارەی بینراو 459

راچڵەکین-

دوو سەرچاوەی ئەمنیی میسری ڕایانگەیاند کە گفتوگۆی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە ڕاگیران. هەروەها ئیسرائیلیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە "نییەتی ڕاستەقینەی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لەگەڵ حەماسدا نییە."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەوحەی قەتەر، شوێنی دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئیسرائیل و حەماس بووە بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست لە غەززە. میسر هاوشانی قەتەر و ئەمریکا ڕۆڵی ناوبژیوان لەم دانوستانانەدا دەگێڕن.

ئەو دوو سەرچاوە ئەمنییەی میسر، کە نەیانویستووە ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن، بە ئاژانسی ڕۆیتەرز-یان وتووە، ڕەفتاری دانوستانکارانی ئیسرائیلی، "ناکۆکیی دەروونیی" ئەوان دەردەخات.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، تیمی دانوستانکاری ئیسرائیل چەند بابەتێکی دانوستانکراوی پەسەند کردووە، بەڵام دیسانەوە داوای گۆڕانکاری لە مەرجەکانی کردووە یان لە بنەڕەتدا مەرجی نوێی دیاریکردووە کە مەترسی شکستی دانوستانەکان بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ئەم سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، میسر وەک یەکێک لە لایەنە نێوەندگیرییەکان لەم دانوستانانەدا، "قسەی دژبەیەک لە لایەنی ئیسرائیلییەوە، دواکەوتنیان لە وەڵامدانەوە و خستنەڕووی مەرجی نوێ کە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکانی پێشوون"، نیشانەی ئەوەیە کە حکومەتی ئیسرائیل ئەو دانوستانانە بە مەبەستی بانگەشە و کاریگەریدانان لەسەر ڕای گشتی ئەنجام دەدات.

ئەمە لە کاتێکدایە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو ئەو دوولایەنە لەسەر "چوارچێوە گشتگیرەکەی" ئاگربەست، کە شەش هەفتە لەمەوپێش خستبوویەڕوو، ڕێککەوتوون. ئەگەرچی وتیشی، هێشتا کار ماوە و ئەمانە بابەتی ئاڵۆزن، بەڵام ئەم چوارچێوەیە ئێستا هەردوو ئیسرائیل و حەماس لەسەری ڕێککەوتوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن