راچڵەکین-
وتەبێژی دەزگای بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ئێران دەڵێت: بەهۆی هەندێک وڵاتەوە، لە وەرزی هاویندا گەرمایەکی زۆر و لە بەهاردا بارانی بەخوڕ و لە زستاندا وشکەساڵی دروست دەبێت.
پلەکانی گەرما لە ئێران بەجۆرێک بەرزبوونەتەوە کە ئێران ڕۆژێک پشووی سەرتاسەری بەهۆی گەرماوە ڕاگەیاند.
حوسێن زەفەری، وتەبێژی دەزگای بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ئێران، ئاماژەی بە گەرمای ئەم ڕۆژانە کرد و ڕایگەیاند: ئەوەی لە ژینگەی جیهانیدا ڕوودەدات گۆڕانی کەشوهەوایە، کە زیاتر بەهۆی گازە گەرمخانەییەکانەوەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو گازانە زیاتر لەلایەن وڵاتانی پێشکەوتووەوە بەرهەمدەهێنرێن کە بڕێکی زۆر لە نەوت و گاز و خەڵوز بەکاردەهێنن؛ بەرهەم دەهێنرێن و لە ئەنجامدا بڕێکی زۆر لەم گازانە دەچنە ناو بەرگەهەوای زەوی.
زەفەری وتیشی: بەداخەوە ئەو وڵاتانە خۆیان وەک ژینگەدۆست نیشان دەدەن، بەڵام بە کردەوە دەبینین زیان بە ژینگە دەگەیەنن و کردەوەکانیان دەبنە هۆی ئەوەی لە هاویندا شاهیدی گەرمای لەڕادەبەدەر و لە وەرزی بەهاردا بارانبارینی بەخوڕ و لە زستاندا وشکەساڵی ببین."
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە قەبارەیەکی زۆر زۆر لەم گازە گەرمخانەیانە دەخاتە ناو جیهان و دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی وەک ئێمە کاریگەرییەکانی ئەزموون بکەن.
وتیشی: لە هەفتەی ڕابردووەوە شەپۆلێکی قورسی گەرمامان لە ڕۆژئاوای ئاسیا بینی کە سەرچاوەی ئەو شەپۆلەش گۆڕانی کەشوهەوایە کە بەهۆی بەرهەمهێنانی گازی گەرمخانەییەوە دروست دەبێت. ئەم بابەتە بووە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر کارەبای قورس بەکاربهێنن بۆ ئەوەی خۆیان لە گەرما دوور بخەنەوە و لە ڕاستیدا لە زۆر بەکارهێنانی کارەبادا ڕیکۆرد تۆمارکراوە.
وتیشی: ئەمڕۆ بەپێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی کەشناسی وڵات ڕۆژێکی زۆر گەرم دەبێت و هیوادارین ئەم ڕۆژە بەبێ هیچ کێشەیەک بەسەر بەرین.