ڕاچڵەکین سپۆرت -
دوێنێ سێشەممە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، لە گەڕی حەوتەمی خولی پلە یەکی ئیسپانی، کیلیان مباپێی فەرەنسی، ئەستێرەی یانەی ڕیال مەدرید، لە کاتی یارییەکەی بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس کە مێرینگێ بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دووچاری پێکان بوو.
مباپێ نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات، و لە تایمی دووەم یاریگای بەجێهێشت و ئێندریکی هاونیشتیمانی شوێنی گرتەوە.
ڕیاڵ مەدرید لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا پێکانەکەی مباپێی ڕاگەیاند، کە تیایدا هاتووە: دوای ئەو پشکنینانەی لەسەر کیلیان مباپێی یاریزانەکەمان ئەنجامدرا، دەستنیشانکردنەکە ئەوە بوو کە پێکانەکەی لە ماسولکەی دوو بڕبڕەی پشتی قاچی چەپیدا هەبووە.
لە لایەکی ترەوە ڕۆژنامەی “ئاس”ی ئیسپانی ڤیدیۆ کلیپێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە مباپێ هەر کە هەستی بە پێکانەکەی کرد داوای گۆڕینی کردووە، بەڵام کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید ئەو بابەتەی پشتگوێ خستووە.
دوای ئەوەی مباپێ هەستی بە زیادبوونی ئازارەکانی کرد، داواکارییەکەی بۆ ئەنچیلۆتی دووبارە کردەوە، ئەنچیلۆتی داینیشاند و ئێندریکی خستە شوێنی.
لای خۆیەوە ڕۆژنامەی "مارکا"ی ئیسپانی بڵاویکردەوە، ئەو پێکانە ماسولکەییەی مباپێ تووشی بووە، وادەکات یەکشەممەی داهاتوو بەشداری یارییەکەی دێربی بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید نەکات.
هەروەها باس لەوە کرا کە مباپێ ناتوانێت بەشداری لەگەڵ شاهانەکان بکات تا کۆتایی پشووەکانی داهاتووی نێودەوڵەتی لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا.
ئاماژەی بەوەشکرد، مباپێ بۆ ماوەیەکی کەمتر لە 3 هەفتە لە یاریگاکان دوورناکەوێتەوە، ئەمەش مانای وایە لانیکەم بەرامبەر ئەتلەتیکۆ و لیل و ڤیاریال بەشداری ناکات.