راچڵەکین-
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی ئەو پارەیەی كە بۆ تیمەكانی هەڵمەتی كوتانی سورێژە لەلایەن بەغداوە تەرخانكراوە، روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت: بڕی ئەو پارەیەی كە سۆران عومەر پەرلەمانتار لە پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باسی كردووە، بۆ هەموو عیراقە نەوەک تەنها بۆ هەرێمی کوردستان وە تا ئێستاش تەنها ئەو بڕە پارەیە تەرخان کراوە نەوەک خەرجکرابێت.
لە روونكردنەوەیەدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، پشکی هەرێمی کوردستان لەو هەڵمەتە بریتییە لە ( ١،٠٧٨،٢٩٤،٠٠٠ ) یەک ملیار و حەفتا و هەشت ملیۆن و دوو سەد و نەوەد و چوار هەزار دینار کە لە سێ بڕگەدا خۆی دەبینێتەوە لەوانە ( پاداشتی تیمەکان و کرێی هاتووچۆ و خەرجی هاتووچۆ )، لەو ڕوەشەوە وەزارەت بەنووسراوی ژمارە ( ٧٠٦٦ ) لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٤/١١/٢٤ ) کە ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستیان کردووە و کاری خۆیان ئەنجامداوە و چاوەڕێی تەواوکردنی ڕێکارەکانی تەمویل کردنین.
دەقی روونكردنەوەكە..
ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە/ وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە.
لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەکەناڵی ڕوداو سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەو چاوپێکەوتنەدا ئاماژە بەنووسراوی ژمارە ( ١٩٠٦٧٧ ) دەکات کە لە ( ٢٠٢٤/١٠/٨ ) لە فەرمانگەی بوودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەرچووە و تیایدا هاتووە بە گواستنەوەی گوژمەی تەرخانکراو ( المناقلە ) بەبڕی ( ٩،٠٩٠،٧٦٥،٠٠٠ ) نۆ ملیار و نەوەد ملیۆن و حەوتسەد و شەست و پێنج هەزار دینار لە نێوان ( موازنة الأبواب ) ( ٤٠/٩/٥ ) لە فەرمانگەی بوودجە بۆ فەرمانگەی ژمێرکاری تایبەت بە هەڵمەتی کوتان لەسەرتاسەری عێراق.
وەک وەڵامێک بۆ سۆران عومەر و لەپێناو بەلاڕێدانەبردنی ڕای گشتی بەپێویستمان زانی ئەم ڕاستیانە بخەینەڕوو.
١- ئەو بڕە پارەیەی سەرەوە تەرخان کراوە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق نەک تەنها هەرێمی کوردستان وەک لە خشتەی هاوپێچدا لەخوارەوە ڕوون کراوەتەوە .
٢- پشکی هەرێمی کوردستان لەو هەڵمەتە بریتییە لە ( ١،٠٧٨،٢٩٤،٠٠٠ ) یەک ملیار و حەفتا و هەشت ملیۆن و دوو سەد و نەوەد و چوار هەزار دینار کە لە سێ بڕگەدا خۆی دەبینێتەوە لەوانە ( پاداشتی تیمەکان و کرێی هاتووچۆ و خەرجی هاتووچۆ )، لەو ڕوەشەوە ئێمە بەنووسراوی ژمارە ( ٧٠٦٦ ) لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٤/١١/٢٤ ) کە ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستیمان کردووە و کاری خۆمان ئەنجامداوە و چاوەڕێی تەواوکردنی ڕێکارەکانی تەمویل کردنین.
٣- وەک ڕاستکردنەوەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، ئەو بڕە پارەیە تەنها بڕیاری گواستنەوە ( المناقلە ) دراوە، تا پارەکە تەمویل نەکرێت بۆ سەر هەژماری بانکیمان ناتوانرێت هیچ ڕێکارێکی خەرجکردنی بۆ ئەنجام بدرێت. بۆ بەئاگا هێنانەوەی سۆران عومەر ( تکایە بەدیقەت نووسراوەکە بخوێنەرەوە ئەوە بڕیاری مناقەلەیە نەک تەمویل) و هەموو ئەو کەسانەی بەبێ زانیاری قسە لەسەر بابەتی دارایی و ژمێریاری دەکەن، تەرخانکردن جیاوازە لە تەمویل کردن، هێشتا یەک دیناری ئەو پارەیەی تەرخانکراوە لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان. هاوپێچ؛ * نووسراوی ژمارە ( ١٩٠٦٧٧ ) کە لە ( ٢٠٢٤/١٠/٨ ) تایبەت بە گواستنەوەی گوژمەی تەرخانکراو ( المناقلە ) لەگەڵ خشتەی دیاریکردنی پشکی هەرێم لەهەڵمەتی کوتان.
روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم وەک وەڵامێک دێت بۆ سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە رایگەیاندبوو لە ٨/١٠/٢٠٢٤ وەزارەتی دارایی عێراق بەنوسراوی ژمارە (١٩٠٦٧٧) بڕی ٩ ملیارو ٩٠ ملیۆن دیناری ڕەوانەی هەرێم کردووە بۆ ئەو لیژنانەی تەندروستی پارێزگاکانی هەرێم کە هەڵمەتی کوتانی سورێژەیان ئەنجام داوە، بەڵام تاکو ئێستە هەرێم پارەکەی دابەش نەکردووە بەسەر ئەو کارمەندو پەرستارانەدا.