راچڵەکین-
لەساڵی 2024دا زیاتر لە سێ هەزار روداوی هاتوچۆ تۆمار کراون و زیاتر لە هەزار کەس برینداربووە و زیاتر لە 300 هاوڵاتیش گیانیان لەدەستداوە، بەگوێرەی راپۆرتەکان خراپی رێگاوبانەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی روداوەکانی هاتوچۆبوون.
روداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیانلەدەستدان دادەندرێت لە هەرێمی کوردستان و دیارترین هۆکارى روداوەکانی هاتوچۆش خراپی کوالێتی رێگاوبانەکانە، تا ئێستا دەزگا پەیوەنیدارەکان نەیانتوانیوە کێشەى خراپی رێگاوبانەکان بەتایبەتی رێگاى نێوان شار و شارۆچکەکان چارەسەر بکەن.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی کە لەماوەی ئەمساڵدا بڵاوکراونەتەوە لەسەر رووداوەکانی هاتوچۆ،لەمساڵدا زیاتر لە سێ هەزار روداوی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان رویانداوە کە زیاتر لە هەزار کەس تێدا بریندار بون و 350 کەسیش گیانیان لە دەستداوە.
هاوکات بە گوێرەی ئامارەکان، لە سنوری پارێزگای هەولێر نزیکەی هەزار روداوی هاتوچۆ رویانداوە و بەهۆیانەوە نزیکەی 80 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 200 کەسیش برینداربون.
بەبەراورد بە پارێزگاکانی دیکەى هەرێمی کوردستان لەساڵی 2024دا لە سنوری پارێزگاى سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان زۆرترین روداوى هاتوچۆ رویانداوە،چونکە زیاتر لە هەزار روداوی هاتوچۆ رویان داوە و بەهۆى ئەو روداوانەشەوە نزیکەی 150 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 600 کەسیش برینداربون.
لە پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆی زاخۆش بەبەراورد بە روبەرەکەى ژمارەى روداوەکانی هاتوچۆ و ژمارەى ئەو کەسانەش کە لە ئەنجامی ئەو روداوانە بونەتە قوربانی زۆرن، لەو پارێزگایە 700 روداوی هاتوچۆ رویداوە کە گیانلەدەستدانی نزیکەی 100 کەس و برینداربونی زیاتر لە 500 کەسی لێکەتوەتەوە.
بە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە لەساڵى 2024 دا سنورى پارێزگاى هەڵەبجە کەمترین روداوى هاتوچۆى تێدا تۆمارکراوە، کە نزیکەى 200 روداوە و بەهۆیەوە نزیکەى 30 کەس گیانیان لە دەستداوە.