راچڵەکین-
ماڵپەڕی بلومبێرگی ئەمریکی بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە ئامانجی دەستپێکردنی گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی گەڕانەوەی کۆچبەرانی عێراقی (کورد و عەرەب) بۆ وڵاتەکەیان ئامادەکاری دەکات و لەگەڵ سودانیش لەو بارەیەوە بڕیاری کۆتایی دەدەن.دەشڵێت،"هەر کەسێک بە نایاسایی بێتە خاکی بەریتانیا نابێت چاوەڕێی مانەوە بکات".
ئەمڕۆ سێشەممە،ماڵپەڕی بلومبێرگ نیوزی ئەمریکی رایگەیاند، کیێر ستارمەر،سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە داونینگ ستریت پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات و ئامانجی پێشوازییەکەش گفتوگۆکردنەوە لەبارەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە بە رێگای نایاسایی چونەتە بەڕیتانیا و لە شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە نیشتەجێبوون.
لەوبارەیەشەوە سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا،لە بەیاننامەیەکدا پێش سەردانەکەی سودانی رایگەیاندووە، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ سودانی یارمەتی هەڵوەشاندنەوەی بازرگانیکردن و قاچاخچێتی بە کۆچبەرانەوە دەدات،چونکە ئەم رێککەوتنە ربەهیچ شێوەیەک رێگە بە ناردنی کۆچبەری عێراقی نادات بۆ ناوخاکی بەڕیتانیا و پەیامێکیشە بۆ کۆچبەرەکان کە هەر کۆچبەرێکی عێراقی لە وڵاتەکەدایە دیپۆرتدەکرێتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، نزیکەی 16 هەزار و 499 هاوڵاتی عێراقی لە نێوان مانگی یەکی ساڵی 2020 تا کانوونی یەکەمی 2024 بە بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا و بەسەر کەناڵی ئینگلیزیدا تێپەڕیوون ، کە دەکاتە 12٪ـی ژمارەی سەرجەم کۆچبەرانی جیهان لە ماوەی ئەو 4 ساڵەدا.
لە ساڵی 2023 عێراقییەکان پێنجەم زۆرترین رەگەزنامە بوون کە بە بەلەم لە فەرەنساوە رۆشتوونە بەڕیتانیا، هەروەها لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2024ـدا لە حەوتەمدا هاتبوون. هاوکات دانوستانەکانی ئەمڕۆ لەسەر ئەو ڕێککەوتنانە بنیات دەنرێت کە ئیڤێت کوپەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق لە مانگی 11ـی ساكی رابردوودا واژۆیان کردبوو،کە رێکەوتنەکە یارمەتی دارایی و رووبەرووبونەوەی کۆچی نایاسایی عێراقیەکانی لەخۆدەگرت بۆ ئەو وڵاتە.