راچڵەکین-
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە درێژەی ئاگربەستدا جارێکی دیکە حەماس ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیل ئازاد دەکات و لە بەرامبەریشدا ئیسرائیلیش دەیان زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و ناوەندی راگەیاندنی ئیسرائیل راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بزوتنەوەی حەماس هەشت بارمتەی ئیسرائیل و تایلەندی ئازاد دەکات، لەوانە سێ بارمتەیان ئافرەتیان سەربازی سوپای ئیسرائیل بوون، هەروەها پێنج بارمتەشیان کرێکاری تایلەندین کە لە رووداوەکانی 7ـی ئۆکۆبەردا لە لایەن حەماسەوە بە بارمتە گیرابوون تاوەکوو ئەمڕۆ.
بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستی کە ئاڵوگۆڕی دیلە، هەر ئەمڕۆ لەبەرامبەر ئەو هەشت بارمتەدا ئیسرائیل 110 زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکات، کە لەو ژمارەیە 32 یان سزای هەتا هەتایان بەسەردا سەپێندراوە، هەروەها 30 منداڵیشیان تێدایە.
پێشتریش رۆژی 20ـی ئەم مانگە حەماس سێ بارمتەی ئافرەتی ئیسرائیلی ئازاد کرد و لە بەرانبەردا ئیسرائیل 90 زیندانی فەڵەستینی کە زۆرینەی ئافرەت و منداڵ بوون ئازاد کرد.
هەروەها لە رۆژی 25ـی ئەم مانگەدا لە قۆناغی دووەمدا، 200 زیندانی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد کران، لەوانە 70 کەسیان ڕەوانەی میسر کران، هەروەها حەماسیش چوار سەربازی ئافرەتی ئیسرائیلی ئازاد کرد.
ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی 19ـی ئەم مانگە، ئاگربەستەکەی غەززە بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمریکا، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە ماوەکەی 42 رۆژ دەبێت و دانوستانەکان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و دواتر قۆناغی سێیەم.