راچڵەکین-
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان - ئەپیکور رایگەیاند، پێشوازی لە پەسەندکردنی ماددەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە هەمواری بودجەی فیدراڵیدا دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان - ئەپیکور راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، وەک کۆمەڵەی ئەپیکۆر پێشوازی لە هەمواری مادەی 12 بڕگەی "ج" لە یاسای بودجە گشتی عێراق لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەکەن.
مایڵز کاگنیز ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان سەرنجیان لەسەر گەیشتن بەرێککەوتن دەبێت بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی بۆریی عێراق – تورکیاوە.
لەلایەکی دیکەشەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاند، پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی گشتی عێراق تایبەت بە تێچوونی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە پەرلەمانی عێراق، دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەو هەنگاوەش بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ گەیشتن بە چارەسەری کوتایی دۆسیەی نەوت دەزانن.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە روو، ئومێدەوارن ئەم هەنگاوە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كار بۆ جێبەجێكردنی یاساكە و تێپەڕاندنی تەواوی کێشەکان و ئامادەکردنی رێكارە تەكنیكییەكانی بكات.
رۆژی 2ـی ئەم مانگە، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کۆی دەنگی پەرلەمانتاران هەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراق پەیوەست بە نەوتی هەرێم پەسەندکرا و بەمپێیەش هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە.