راچڵەکین-
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئێراندا متمانە لە عەبدولناسر هیممەتی،
وەزیری دارایی و ئابووریی وڵاتەکە وەرگیرایەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و محەمەد
رەزا فەرزین، سەرۆکی بانکی ناوەندی و بەشێک لە وەزیرانی ئەو وڵاتە، متمانە لە عەبدولناسر
هیممەتی، وەزیری دارایی و ئابووریی ئێران سەندرایەوە.
لایەنگرانی بڕیارەکە باس لەوە دەکەن، سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی
هاوکارییەکی باشە بە داهاتووی ئابووریی وڵات و دەڵێن "بۆچی وەزیری دارایی بەو
بەرنامەیە کە لە کاتی دەنگدانی متمانەدا بۆ پەرلەمان ڕاگەیاندبوو، مامەڵەی نەکرد؟..
ئەم بڕیارە بۆ خراپی ئەدای وەزیر دەگەڕێتەوە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ حکومەت.
هاوکات بەشێکی دیکەیان
ئەو وەزیرە تۆمەتبار دەکەن بەوەی بەرپرسە لەو رێژە زۆرەی بەرزبوونەوەی دۆلار
بەرامبەر تمەن و خراپی دۆخی ژیانی هاووڵاتییانی وڵاتەکە.
عەبدولناسر هیممەتی لە 21ـی مانگی هەشتی ساڵی رابردووەوە وەکو وەزیری دارایی و ئابووریی ئێران
دەستبەکاربووە و لەو ماوەیەدا تمەن دابەزینێکی یەکجار زۆری بەرامبەر بە دۆلاری
ئەمریکی بە خۆیەوە بینیوە و لە ئێستادا نرخی هەر 100 دۆلارێکی ئەمریکا بەرامبەر نۆ ملیۆن و 200 هەزار تمەنی
ئێرانییە.