ڕاچڵەکین سپۆرت -
دارێن ئیڵز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی نیوکاسڵ یونایتد ڕایگەیاند، ئەلێکساندەر ئیساکی هێرشبەری سویدی بۆ فرۆشتن نییە.
زۆرێک لە هەواڵەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئیساک ئامانجی سەرەکی یانەی بەرشەلۆنەیە، بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو پاڵپشتی هێڵی هێرشبەری بکات، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی تەمەنی ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری بارسا کە ئێستا تەمەنی (36 ساڵ)ە.
ئیڵز لە لێدوانێکدا کە ڕۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی" تیشکی خستۆتە سەری، وتی: ئێمە وەک تیپێک ئاواتەخوازین لە پلەی یەکەمدا بین، دەمانەوێت باشترین یاریزانەکانمان لێرە بن، پێموایە قسە بەردەوامەکان لەسەر ئیساک تیشک دەخاتە سەر بەهای ئەو، بەڵام پلانمان نییە هیچ یاریزانێک بفرۆشین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیساک گرێبەستێکی درێژخایەنی لەگەڵ یانەی نیوکاسڵ هەیە، هەموو یاریزانەکان گرێبەستی درێژخایەنیان هەیە، ئێمە هیچ نیازێکمان نییە ئەم یاریزانانە واز لێبهێنین، ئێمە لەژێر هیچ فشارێکدا نین یان شتێکی لەو جۆرە.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە خاوەنەکانمان گەورەیە کە باشترینیان بۆ یانەکە دەوێت، بۆیە شێتانە دەبێت بیر لە فرۆشتنی ئیساک بکەینەوە.
جگە لە بەرشەلۆنە، هەردوو یانەی لیڤەرپوول و ئارسیناڵ چاویان بڕێوەتە تواناکانی.
جێگای سەرنجە ئیساک لەم وەرزەدا لە 31 یاریدا 22 گۆڵی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمار کردووە.