لەهەولێر كۆبوونەوەیەك لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بەڕێوەچوو

ئابوری

20/04/2025     ژمارەی بینراو 415

راچڵەكین-

لەشاری هەولێر شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراق، لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت كۆبوونەوە و تاوتوێی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستانیان كرد.

ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە، 20ـی نیسانی 2025، هەردوو شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عیراق لە هەولێر لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت كۆبوونەوە.

"لە كۆبوونەوەكەدا باس لە كارو چاڵاكیەكانی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنی نەوت كرا، هەردوولا پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمیان لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت تاوتوێ كرد. لە بەرانبەردا گوێ لە بیروڕای كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لەم ڕووەدا گیرا."

هەرچەندە بڕیاربوو، كۆبوونەوەكە دوێنێ شەممە 19ی نیسان لە بەغدا بەڕێوەبچێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، كۆبوونەوەكە ئەنجام نادرێت، بەبێ روونكردنەوە لەسەر هۆكاری دواخستنی.  

لە ئاداری 2023ـەوە، بەهۆی بڕیارێكی دادگەیەكی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك لە ڕێگەی توركیاوە ڕاگیراوە. تا ئێستا چەند جارێك كۆبوونەوە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتەكە لەگەڵ حكومەتی عیراق هەبووە، بەڵام كۆبوونەوەكان بێئەنجام بوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن