راچڵەكین -
هاتووچۆی سلێمانی هۆشداریی لەبارەی رەشكردنی جامی دواوەی ئۆتۆمبێل هۆشداری بە شۆفێران دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەو دەنگۆیانەی لەوبارەیەوە بڵاوكراونەتەوە دوورن لە راستییەوەو سەرپێچیكاریش بەبڕی 500 هەزار دینار سزا دەدرێت و دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەكەشیدا دەگیرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-5-2025، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە ئاگادارییەكدا بڵاویكردەوە، بەپێچەوانەی رێنماییەكانی جام ڕەشكردنی ئۆتۆمبیل، لە سۆشیال میدیاو ئەو دوكانانەی كاری جوانكاریی ئۆتۆمبێل ئەنجامدەدەن، بڵاوكراوەتەوە بەناو هاوڵاتییاندا كە گوایە جامی بەردەم شۆفێر و جامی سەر سندوق (جامی دواوە) ئاساییە جام رەش بكات، بەڵام ئەم دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوەو قەدەغەیە لەبەرئەوەی ئاستی بینین كەمدەكاتەوە و پێویستە بەپێی ڕێنماییەكان كاریان بۆ بكرێت.
هاتووچۆی سلێمانی شۆفێران و دوكانەكانی جوانكاریی ئۆتۆمبێلی ئاگاداركردووەتەوە لە كڕین و فرۆشتنی (لۆگۆی ڕێژە / ستیكەر) و گۆڕینی لەزگەی جامی ئۆتۆمبێل دوای ڕەزامەندی وەرگرتن لە بەڕێوەبەرایەتیمان بەڕێژەی بەرزتر، قەدەغەیە و سەرپێچیكار ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، سەرجەم مەفرەزە گەڕۆكەكانی هاتووچۆ ئاگاداركراونەتەوە ئامێری پێوەری ڕێژەی جام ڕەشكردن بەكاربهێنن تا ئەو دیاردەیە بنەبڕ بكرێت و هەر شۆفێری ئۆتۆمبێلێك پێچەوانەی رێنماییەكان ئۆتۆمبێلەكەی جام ڕەش بكات، بەبڕی 500 هەزار دینار سزا دەدرێت و ئۆتۆمبێلەكەشی بۆماوەی سێ رۆژ دەستی بەسەردا دەگیرێت.